بارەگای بارزانی وەڵامی لێدوانەکەی عەبادی لەبارەی کەرکووک و پێشمەرگە دەداتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نووسینگەی راگەیاندنی بارەگای بارزانی وەڵامی چەند گوتەیێکی حەیدەر عەبادی، سەرۆكی یەكێك لە كوتلەكانی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت "عەبادی كەسێكی بێ وەفا بوو بەرامبەر پێشمەرگە و گەلی كوردستان.

کوردپرێس:

نووسینگەی راگەیاندنی بارەگای بارزانی وەڵامی چەند گوتەیێکی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق دەداتەوە کە لە بارەی پێشمەرگە و ڕووداوەکانی کەرکووکەوە قسەی کردبوو.

لە وەڵامەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە: "بەلای گەلی كوردستان ئەو لایەنە كوردیانەی عەبادی بە تووندڕەو وەسفی دەكات دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرن و ئەوانەی تەنسیقیان لەگەڵ عەبادی كرد ئەوان خائین و نیشتیمانفرۆشن".

دەقی وەڵامەکە:

وەڵامێك بۆ وتەكانی عەبادی

حەیدەر عەبادی، سەرۆكی یەكێك لە كوتلەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دیجلە كە رۆژی شەممە 23ـی 3ـی 2019 بڵاو كراوەتەوە، بەداخەوە هەندێ قەزاوەت و قسەی نابەجێی لەبارەی كەركووك و پێشمەرگە و گەلی كوردستان خستووتە ڕوو كە مەبەست لێی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەیە كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و بۆ مەرامی تاكەكەسی ئەو قسانەی كردووە.

بۆ هەموو لایێک روونە كە پێكهاتەكانی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا عەبادی و هەموو ئەوانەی تریان سزادا كە بەنیازی شەڕی ناوخۆ و تێكدانی پێكەوەژیان بوون و لە بەرانبەر گەلی كوردستان حاقدبوون و پێشێلكاریی دەستووری و تاوانیان لە كەركووك و دوز ئەنجامدا و لە هەمانكاتدا گەلی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستاندا پاداشی پێشمەرگە و بەرگریكارانی كوردستانیان دایەوە.

عەبادی كەسێكی بێ وەفا بوو بەرانبەر پێشمەرگە و گەلی كوردستان. ئەگەر پێشمەرگە نەبا كەسێكی وەك ئەو هەرگیز چاوی بە موسڵ نەدەكەوت بۆ ئەوەی بتوانێ سەركەوتن بەسەر داعش لە موسڵ بۆ خۆی بدزێت و خۆی پێ هەڵكێشێ.

بەلای گەلی كوردستانیش ئەو لایەنە كوردیانەی عەبادی بە تووندڕەو وەسفی دەكات دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرن و، ئەوانەی تەنسیقیان لەگەڵ عەبادی كرد ئەوان خائین و نیشتیمانفرۆشن. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە رای گەلی كوردستانە و هەڵسەنگاندنی خەڵكی حاقید هیچ بەهایەكی نییە.

هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش چۆن خەونی ناحەزان و رژێمەكانی پێشووی لەگۆڕنا ئەوەهایش بە قارەمانێتیی خۆی پیلانە نەگریسەی عەبادی لەگۆڕ نا و خودی عەبادی باشتر لە هەركەس دەزانێ پێشمەرگە چیی بەسەر خۆی و پیلانەكەیدا هێنا.

دەبێ هەموولایێكیش ئەوە باش بزانن ئێستا دۆخێكی تر لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و دەموچاوی حاقد و خۆپەرست و یاساشكێن نابێ رۆڵیان هەبێ. قۆناغی ئێستا قۆناغی بەرپرسیارێتی و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و چەسپاندنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازونە لە عێراقدا.

نووسینگەی راگەیاندنی بارەگای بارزانی

26ـی 3ـی 2019

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 52763

Your Comment

You are replying to: .
captcha