بەپێی هەواڵی کوردپرێس عەبدولڕەحمان حسێنی بریکاری بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە و جادەوبانی پارێزگای کوردستان ئاماژەی بە ژمارەی ئەو گەشتیارانە کرد کە لە ئێرانەوە چوونەتە هەرێمی کوردستان و لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوونەتە ئێران.
حسێنی ڕایگەیاند: لە ڕۆژی 25ی ڕەشەمەوە (16ی ئازار) تا ڕۆژی 5ی خاکەلێوە (25ی ئازار) کۆی 27944 کەس لە دەروازەی باشماخەوە هاتوچۆیان کردووە کە لەو ژمارەیەش 21 هەزار و 723 کەس گەشتیاری ئێرانی بوون کە 14 هەزار و 133 کەسیان لە مەرزی باشماخەوە چوونەتە هەرێمی کوردستان و 7 هەزار و 590 کەسیان گەشتیاری هەرێمی کوردستان بوون کە سەردانی ئێرانیان کردووە.
ناوبراو زیادی کرد: هەر لە ماوەی ئەو 9 ڕۆژەدا ژمارەی 6 هەزار و 221 گەشتیاری بیانی بە دەروازەی باشماخدا تێپەڕیون کە 4 هەزار و 285 کەسیان گەشتیاری بیانی بوون کە لە ئێرانەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و 1936 کەسیش گەشتیاری بیانی بوون کە لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ئێرانیان کردووە.
حسێنی ئاماژەی بە ڕێژەی ئەو گەشتیارانەش کرد کە سەردانی نێوخۆی پارێزگای کوردستانیان کردووە و ڕایگەیاند کۆی 10 هەزار و 61 سەفەر بۆ پارێزگای کوردستان کراوە.
دەروازەی سنووری باشماخ لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا یەک لە دەروازە ستراتێژییەکانی ئێرانە کە دەکەوێتە سنووری شاری مەریوان و ساڵانە بە ڕێژەیێکی فراوان ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوتوچۆی گەشتیار لەو دەروازە سنوورییەوە ئەنجام دەبێت و بەتایبەت لە پشووەکانی نەورۆزدا گەشتیارانی ئێرانی لەو دەروازە سنوورییەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆز دەبن.
Your Comment