وەزیری داراییی عێراق لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیایی دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و دارایی رایگەیاند، ناردنی مووچە ئەرکی ئەو وەزارەتەیە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەردەوام دەبێت.

کوردپرێس:

دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتار و کادیرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویان کردەوە، کە لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی نەداوەتە سۆمۆ، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبڕێتەوە و پاشەکەوت دروست دەبێتەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری داراییی عێراق بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند "ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆی منە و چۆن بەرپرسم لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەر شارێکی عێراق، ئاواش بەرپرسم لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت".

وەزیری داراییی عێراق روونی کردەوە، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیر کراوە و بووەتە یاسا و ئەوانیش وەک حکوومەت پابەندن بە جێبەجێکردنی یاساکە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر هەرێمی کوردستان مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆ بکات، ئەوا بودجەی هەرێمی کوردستان 10 ترلیۆن و 844 ملیار دینار دەبێت، بەڵام ئەگەر هەولێر 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەست نەکات، ئەوا بەغدا مانگانە 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە دەنێرێت.

وەزیری داراییی عێراق هیوای خواست، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زوو پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی دانوستاندن بکات لەگەڵ بەغدا بۆ ئەو کێشانەی ماون. لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە هیچ مەترسییێک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە.

ئەم هەواڵەش بخوێنەوە:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=44871

News Code 52746

Your Comment

You are replying to: .
captcha