بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێوەندیی ئەمریکا و کوردەکانی عێراق بەتایبەت پاش ڕووخانی ڕەژیمی سەدام لەپرسە هەرە گرینگەکانی پێوەندیی دەرەکیی کوردەکان دێتە ئەژمار. ژمارەیێک لە کۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحەکانی ئەمریکا پشکیان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و بەوتەی ژمارەیێک لە بەرپرسانی سەربازیی هەرێمی کوردستان لەوان جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە واشنتن بەشێک لە مووچەی پێشمەرگە دابین دەکات.
لەم نێوانەشدا بەشێک لە ڕەوتە عێراقییەکان هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەدەن و تەنانەت ژمارەیێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی پێکهێنانی پڕۆژەیاسایێکن بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا.
مایکل رووبین، لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و لێکۆڵەر لە ئەنستیتۆ ئەمریکەن ئینترپرایز لەبارەی کشانەوەی گریمانە کراوی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: نا، نابێت چاوەڕوانی ئەمە بکرێت کە ئەمریکا هەرێمی کوردستانی چۆڵ بکات.
ناوبراو هەروەها لەبارەی گۆڕانکاریی لە سەرکردایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوان دەست نیشان کردنی مەسروور بارزانی وەکوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژادرنی نێچیرڤان بارزانی وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: گۆڕینی دەموچاوەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان و پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم وەکوو پێشوو دەمێنێتەوە.
مایکل رووبین زیادی کرد: ئاکاری مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نیشان دەدات کە ئەو تەنها کەسی دەسەڵاتداری ئەم ناوچە خۆبەڕێوبەرەیە و هێشتا دەسەڵاتی لە دەستە.
بەرپرسە پێشووەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە بۆ ماوەیێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبووە و وەکوو ڕەخنەگرێکی سیتەمی حکوومەتی هەرێم دێتە ئەژمار لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە پارتی دیموکراتدا وتی: تا ئەو کاتەی مەسعوود بارزانی لە حەیاتدا بێت گۆڕانکاری لە پێکهاتەی پارتیدا بەدی ناکرێت بەڵام پاش مەسعوود بارزانی دەبێت چاوەڕوان بین و ببینین دوو سەرکردەی دەسەڵاتداری پارتی واتا نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی کامیان دەتوانن جێگای ناوبراو پڕ بکەنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment