یه‌كێتی داوای ڕێككه‌وتنێكی دیكه‌ له‌ پارتی ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕای‌گه‌یاند که‌ ئه‌و حیزبه‌ بۆ به‌شداری له‌ حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان داوای ڕێککه‌وتنێکی دیکه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به‌ مه‌رجی شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ و ھاوسه‌نگی له‌ بڕیاردان به‌شداری له‌ حکوومه‌تی داھاتووی ھه‌رێمی کوردستان ده‌کات و مکووڕه‌ له‌سه‌ر داواکارییه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان و بۆ وده‌ستهێنانی داواکارییه‌کانی داوای ڕێککه‌وتنێکی نوێ له‌ پارتی ده‌کات.

حاکم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان به‌ کوردستان 24ی گوت: یه‌کێتی داوای به‌شداریی ڕاسته‌قینه‌ له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ هاوبه‌ش بین له‌ سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و دارایی و ناوخۆ.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: یه‌کێتی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دابه‌ش‌کردنی پۆست به‌پێی سیسته‌می 50-50 له‌گه‌ڵ پارتی ناکات به‌ڵام مکووڕه‌ له‌سه‌ر وه‌ده‌ستهێنانی ئیستیحقاقی خۆی له‌ ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان و ڕێککه‌وتنه‌کانی ڕابردووش نه‌یتوانیوه‌ ئاڵنگارییه‌کانی به‌رده‌م پێکهێنانی حکوومه‌ت و ده‌ست پێکردنی کاری په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر بکات هه‌ر بۆیه‌ داوای ڕێککه‌وتنێکی نوێ له‌گه‌ڵ پارتی ده‌کات.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ پێشتر به‌رپرسانی پارتی ڕایان‌گه‌یاندبوو: "ئێمه‌ حزبێکی گه‌وره‌ین و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وتوومانه‌ به‌شداری له‌ حکوومه‌ت ده‌که‌ین و یه‌کێتی له ‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا شه‌ریکی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات بوووه‌."

به‌رپرسانی پارتی ڕاشیان‌گه‌یاندوووه‌: "کاتی کراوه‌مان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت له‌ به‌رده‌م نییه‌ و ده‌شمانه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتی بگه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن."

پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجام داوه‌ و ڕێكکه‌وتنێک له ‌نێوان ھه‌ردوولا واژۆ كراوه‌ به‌ڵام ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ تا ئێستا کۆی له‌مپه‌ره‌کانی پێکھێنانی حکوومه‌تی لانه‌بردوووه ‌و ھێشتا خاڵی ناکۆک له ‌نێوان ھه‌ردوولادا ھه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52641

Your Comment

You are replying to: .
captcha