بەپێی هەواڵی کوردپرێس حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پارێزگای بووشەهر لە باشووری ئێران و لەو شارەدا وتارێکی پێشکەش کرد.
حەسەن ڕۆحانی لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ عێراق ڕایگەیاند: ئەو سەردانە سەلماندی کە پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق سەرمەشقێکە بۆ عیلاقاتی نێوان وڵاتانی هەرێمی و دەولی.
ناوبراو ئاماژەی بە دەستکەوتێکی سەردانەکەی خۆی بۆ عێراق کرد و گوتیشی: ساڵانە 7 ملوێن گەشتیار و زیارەتکار لە سنووری نێوان ئێران و عێراق دەپەڕێنەوە و لە سەردانەکەی ئەم دواییەدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی ڕێکەوتین کە ڤیزەی نێوان دوو وڵات بە خۆڕایی بکرێت.
ڕۆحانی ئاماژەی بە دیدارەکەی خۆی لەگەڵ ئایەتوڵا سیستانی کرد و ڕایگەیاند: ئایەتوڵا سیستانی جێی شانازییە بۆ هەموو شیعەکانی عالەم و ئەو دیدارەش سەلماندی کە پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق تەنیا بە پێوەندیی سیاسی و ئابووریی نێوان دوو وڵاتەوە نەبەستراوە بەڵکوو لە باری مەعنەوی و ئاینی و فەرهەنگییشەوە پێوەندییێکی قووڵ لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوامە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا ڕۆحانی تیشکی خستە سەر قۆناغی سەختی ئابووریی ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە دروست بووە و لە بارەی ڕێژەی هەڵاوسان و زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و کرێکارانەوە ئاشکرای کرد: بۆ ساڵی نوێی هەتاوی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت 20% و مووچەی کرێکاران زیاتر لە 20% زیاد دەکرێت. دیارە ڕێژەی گرانی و هەڵاوسانیش لە ئێران زیاتر لەو ڕێژەیەیە کە دەوڵەت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی تەرخان کردووە بەڵام لەم دۆخە سەختە ئابوورییەدا دەوڵەت توانای ئەوەی نییە لەو ڕێژەیە زیاتر مووچەی فەرمانبەران زیاد بکات.
ڕۆژی دووشەمە 11ی ئاداری 2019 بەرانبەر بە 20ی ڕەشەمەی 1397 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و گەورە مەرجەعی شیعەکانی ئەو وڵاتە دیداری کرد.
Your Comment