بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا ڕووبەڕووی ڕەخنەی ناوخۆیی و دەرەکی بوویەوە بۆیەش ناوبراو ڕایگەیاند 400 هێزی سەربازیی وڵاتەکەی لە سووریا دەهێڵێتەوە کە 200 کەسیان لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکاندا جێگیر دەبن.
هەروەها سەرۆک کۆماری ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە نزیک لە 1000 هێز بۆ سووریا ڕەوانە بکەن و پەرژینێک لە سنووری سووریا لە نێوان کوردەکان و تورکیا دروست بکەن.
مایکل دوران، شرۆڤەکاری پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئەنستیتۆ هادسون بە حەفتەنامەی ئەهرام ویکلی-ی وتووە کە هۆکاری هەڵویست گۆڕینی ترەمپ ترس لە یەکگرتنی کورد و رووسیا بووە.
شرۆڤەکارەکەی هادسون لەمباوڕەدایە هۆکاری مانەوەی ئەمریکا لە سووریا دڵنیا بوون لەم بابەتەیە کە کوردەکان هاوپەیمانێتیی خۆیان و ئەمریکا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا ناگۆڕنەوە.
ناوبراو ئاماژە دەکات کە هەم ترەمپ و هەم ئۆباما یەک ئامانجیان لە سووریا بوو و ئەوەش تێوەنەگلان بە شەڕی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە هەمان کاتیشدا کونترۆڵ کردنی ناوچەکە بووە بەڵام ستراتێژییەکەیان جیاوازیان گرتە بەر.
بە بڕوای ئەم کارناسە، ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ لەسەر چۆنییەتی مامەڵە کردن لەگەڵ قەیرانەکانی ناوچەکە یەک ناگرنەوە. ئۆباما دەیویست ئەو کارە بە هاوکاریی هەموو ئەکتەرە سەرەکییەکان لەوان ئێران و ڕووسیا، ئەنجام بدات بەڵام ئێستا ترەمپ خوازیاری سنووردار کردنی تواناکانی ئێرانە.
مایکل دوران لەمباوڕەدایە دۆناڵد ترەمپ بەنیازە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە سووریا، لەگەڵ تورکیا ڕێبکەوێت و سووریا چۆڵ بکات بەڵام کێشە ئەوەیە کە تورکیا نایهەوێت لە سنوورەکانیدا کیانێکی سەربەخۆی کوردی بوونی هەبێت. کوردەکان هاوپەیمانی ئەمریکان بەڵام تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت. کێشەی سەرەکی لەم نێوانەدا تورکیایە و پرسەکەش چارەسەر نابێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment