ڕامین مەجنوون پیلە ڕوود کارناسی باڵای زانستە سیاسییەکان و چالاکی میدیایی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دواهەمین گۆڕانکارییەکانی خۆرئاوای فورات لە سووریا و وتی: هێڵی باریکی باغۆز لە پارێزگای دەیرەزوور لە باکووری سووریا دواهەمین ناوچەی ژێر کونترۆڵی داعشە. ئەگەر ئەم ناوچە کونترۆڵ بکرێتەوە خلافەتی داعش لە خاکی سووریا کۆتایی پێدێت و سووریا لەسەر یەکگرتن و بەرخۆدانی هێزەکان بەسەرکردایەتیی حکوومەتی ناوەندی قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات.
ئەم کارناسە سیاسییە ڕایگەیاند: لە کاتێکدا هەوڵە نێونەتەوەییەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی سیاسی لە سووریا زیاتر بوونەتەوە، هێزە کوردەکانی سووریا دەبێت تەڤڵی ئەرتەشی سووریا بن و هەوڵی پاکسازیی پاشماوەکانی داعش بدەن لە پارێزگای دەیرەزوور.
ناوبراو ئاماژەی دا بە نزیکتر بوونی کۆتایی هاتنی شەڕ لە سووریا و هەروەها سەرکەوتنی حکوومەتی ناوەندی لەم شەڕەدا و وتی پێوەندیی نێوان کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی دەچێتە قۆناغێکی نوێ و کوردەکان و دیمەشق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و تەعامول هەوڵ دەدەن.
پیلە ڕوود ڕاشیگەیاند بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا کوردەکانی وڵاتەکەی کردۆتە بەردەنگ و ڕایگەیاندوو: "ئەمریکا بەرگریتان لێناکات و ئەمنیەتی ئێوە بەسراوە بە مانەوەتان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند. ئەمریکا وەکوو ئامێرێک کەڵک لە ئێوە وەردەگرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی".
ئەم کارناسە سیاسییە جەخت دەکاتەوە هێشتا دۆخەکە ڕوون نییە و تەنها تێپەڕینی کات پێوەندیی داهاتووی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندیی سووریا دیاری دەکات.
ناوبراو ئاماژەی دا بە چارەنووسی کوردەکان پاش خلافەتی داعش و وەبیری هێنایەوە: ژمارەیێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی لەمباوڕەدان هێزە کوردەکانی سووریا کە ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە شکستهێنانی داعش گێڕاوە بەم زووانە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵیان لەدەست دەدەن. بەڵام بەئاوڕدانەوە لەوەی کە ئەوان بەشێکن لە خەڵکی سووریا بە یەکگرتن و هاوپەیمانێتی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەبەنە براوەی سەرەکیی ئەم شەڕە.
مەجنوون پیلە ڕوود دەڵێت چەند سیناریو بۆ کوردەکان و حکوومەتی ناوەندیی سووریا لە ئارادایە:
1- لە نبوونی ئەمریکادا بۆشایی هێز لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش.
2- یەکگرتنی کورد و حکوومەتی ناوەندی دەبێتە هۆی تۆکمە کردنی حکوومەت و ڕێگری کردن لە دزە کردنی دوژمنانی بیانی.
3- بێ گومان کوردەکان کە لە ستراتێژیی دووڕووی ترامپ بێ هیوا بوونە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمانێکی نوێی و پووچەڵ کردنی هەوڵەکانی تورکیا دەخەنە گڕ.
4- بڕیاری ئێران و ڕووسیا دەتوانێت هاوسەنگیی ناوچەکە بە شێوەیێکی دیکە بگۆڕێت.
5- ستراتێژیی ئەمریکا و قوربانی کردنی کوردەکانی سووریا لەبەرامبەر تورکیا، کوردەکان بەرەو حکوومەتی ناوەندی هان دەدات. تا بە یاوەریی هێزەکانی بەشار ئەسەد ڕێگە لە پێشڕەوییەکانی تورکیا بگرن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment