بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لهڕەشنووسی ڕاپۆرتی سیاسی 11مین کۆنگرەى خۆیدا، حزبی زەحمەتکێشان ڕایدهگهیهنێت: "رەوشی سیاسی هەرێم ڕەوشێکی ناجێگیرە و لەژێر کارتێکردنی کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و ناکۆکی و ململانێی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عێراقی و نێوخۆییدایە".
جهختی کردۆتهوه، "شاراوەنییە کە لە ئاستی ناوچەیی و عێراقدا، ئامانج بچووک کردنەوە و لاواز کردنی پێگەی هەرێمی کوردستانە و پیادەکردنی ئەم سیاسەتە لەسەر پەرەسەندنی ڕەوشەکە کارتێکردن و ڕەنگدانەوەی هەیە، هاوشانی ئەوە لەئاستی نێوخۆدا، لێکەوتەکانی شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەچوونی ناکۆکی و ململانێی سیاسی، بەشێوەی نەرێنی کارتێکردنی لەسەر ڕەوشی گشتی هەرێم هەیە".
هۆشداریشی داوه، "درێژەکێشانی ئەم ڕەوشە نالەبارە لەنێوخۆدا، هەم سەرچاوەی لاوازبوونی ئینتیمای نەتەوەیی و بێئومێدی خەڵکە بەپرۆسەی سیاسی، هەمیش یارمەتیدەرنییە بۆ بەردەوامبوونی هاوسۆزیی و پشتیوانیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان لەئێستاو لە داهاتوودا".
باسى لهوهشکردوه، بەشێوەی گشتی لەڕەوشی هەرێم نەبوونی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری، کێشەی قۆرخکاری و خراپ کەڵکوەرگرتن لە داهاتی گشتی، ناعەدالەتی، پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و دەستگیر کردنی چالاکوانی مەدەنی، ئەنجامنەدانی چاکسازیی ڕاستەقینەو بێکارییو بێئومێدبوونی گەنجانو کۆچکردن بەرەو هەندەران هەیە، کە ئەم ڕەوشە بەپلەی سەرەکی بۆ شکستی شێوازی حوکمڕانی و پاوانکاریی و باڵادەستی حزب بۆسەر کایە گرینگەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەگەڕێتەوە".
نیگهرانى ئهوهشی نیشانداوه، "سەرباری ئەوانە لەپاش 31 ساڵ لەخۆبەڕێوەبردن، هێشتا دوو زۆنی زەرد و سەوز، واتە دوو دەسەڵاتی ئیداریی لەواقیعدا هەیە، سەرەڕای هەوڵی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، هێشتا دوو هێزی چەکدار لەدەستی دوو حزبی دەسەڵاتدار بوونیان هەیە، کە مانەوەیان بەو شێوەیە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان".
Your Comment