ئەمریکا دەرک بەم ڕاستییە بکات کە عێراق ناتوانێت پێبەندی گەمارۆکانی سەر ئێران بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەحموود عوسمان سیاسەتوانی عێراقی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕایگەیاند: "هەموو کاربەدەستان و بەرپرسانی عێراقی جەختیان کردۆتەوە کە مۆڵەت نادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ دژایەتی کردن و زەبر لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و هاوکات نابێت عێراق بکرێتە شوێنێک بۆ دژایەتی کردنی ئەمریکا چوونکە ئەم دۆخە بە قازانجی عێراق نابێت".

کوردپرێس: مەحموود عوسمان سیاسەتوانی کۆنەکاری عێراقی وێڕای ئەمەی کە سەردانەکەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی بۆ عێراق بە گرینگ وەسف کرد وتی: عێراق و ئێران هاوکارییان زۆرە و بەڕای من پێویستیان بەیەکترە، ئێوەش باش ئەزانن ئەمریکا کە دژی ئێران قسە دەکات هەوڵ ئەدات لە عێراق وەزعێک دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران دروست بێت، ئێرانیش خەریکە لە عێراق بەرگری لەخۆی دەکات یەعنی مومکینە لە ململانێی ئێران و ئەمریکا عێراق دەوری هەبێت.

نوێنەری چەندین خولی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی دا بە ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان ئێران و عێراقدا واژۆ کراون و وتی: سەفەرەکەی سەرۆک کۆماری ئێران گرینگە و ئێستا نازانین ئەنجامەکەی چی دەبێت چوونکە هەندێک ڕێککەوتن کراوە لە نێوان بەرپرسانی عێراق و ئێراندا و ئەبێت چاوەڕێ بکەین ببینین ئەنجامی چیدەبێت، گرینگ ئەمەیە کە سوودی هەردوو وڵاتەکەی تێدا بێت.

ناوبراو لەبارەی دژایەتی کردنی ئێران لە خاکی عێراقەوە ڕایگەیاند: عێراق ڕایگەیاندووە کە نایهەوێت وڵاتەکەی بە کار بهێندرێت دژی وڵاتانی درواسێی کە مەبەستیان ئێرانە بە قەناعەتی من ئێرانیش نابێت لە ڕێگای خاکی عێراقەوە دژایەتیی ئەمریکا بکات.

ناوبراو لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران لەسەروبەندی لابردنی عەفو لەسەر ئەو وڵاتانە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا هەیە و ئەو سیاسەتەی کە عێراق لەم قۆناغەدا دەبێت بیگرێتە بەر وتی: بەڕای من بەغدا دەبێت مکووڕ بێت لەسەر پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران چوون سنوورێکی دوور و درێژی و پێوەندییێکی کۆنی لەگەڵ ئێراندا هەیە، لەبەر ئەمەش بەڕای من نابێت بەغدا پێبەندی سزاکانی ئەمریکا بێت دژ بە ئێران و ناشتوانێت پێبەند بێت، ئەبێت ئەمریکایش ئەوە بزانێت کە ئاسان نییە عێراق پێبەندی ئەم سزایانە بێت هەروەها بەغدا ئەبێت بەپێی بەرژەوەندیی خۆی ڕەفتار بکات.

مەحموود عوسمان لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە پێش بینی ئێوە بۆ هەڵویستی لایەنە عێراقییەکان لەسەر گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران چییە ڕایگەیاند: لایەنە عێراقیەکان هەڵویستی جیاوازیان دەبێت، زۆرینەی حزبە شیعەکان هەڵویستیان دژی داواکارییەکەی ئەمریکا دەبێت و خوازیاری زیاتر بوونی هاوکاری لەگەڵ ئێرانن. هەڵویستی ئەهلی سوننە لەمبارەوە وەکوو هەڵویستی شیعەکان نییە و کوردەکانیش باڵانسێک لەو بەینە ڕادەگرن، واتا هەڵویستێکی یەکگرتووی عێراقی نییە هەر تائیفە و هەر لایەنێک ڕای جیاوازی خۆی هەیە و بەڕای من هەر ئەمەش وەزعی عێراقی لاواز کردووە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران پێوەندییێکی باشی لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکاندا هەیە و لە ناکۆکیی نێوان لایەنە عێراقییەکاندا ڕۆڵی ناوەندگیریی گێڕاوە، مەحموود عوسمان لەبارەی دەورێک کە تاران دەتوانێت لە عێراقدا بیبینێت وتی: بەڕای من ئێران دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت و پێویستیشە ڕۆڵ ببینێت. ئێستا پێوەندی بەینی کوردەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق باشە تا حەدێک وردەوردە دەستیان کردووە بە گفتوگۆ و خەڵک چاوەڕوان دەکات پاش ئەوەی حکوومەتەکەی عێراق تەواو بوو حکوومەتەکەی هەرێمیش دروست بێت. هەردوولا دەڵێن ڕازین لە گفتوگۆکانی نێوانیان و بەڕای من ئێران بە بۆنەی ئەو پێوەندییە کە لەگەڵ کورد و بەغدا هەیەتی دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت و ئەگەر ئێران ڕۆڵ ببینێت ئەنجامی باش دەبێت و زیاتر کێشەکان چارەسەر دەبن.

دوکتور مەحموود عوسمان لە کۆتاییدا وتیشی عێراق دەبێت لە پێوەندی و تەعامولەکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا بەرژەوەندیی خۆی بخاتە ئەولەویەتەوە و ئێرانیش دەبێت بە شێوەیێک ڕەفتار بکات کە عێراق تووشی تەنگ و چەڵەمە نەبێت.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52566

Your Comment

You are replying to: .
captcha