کوردپرێس:
ئەحمەد تورک سیاسەتوانی بەرجەستەی کوردی تورکیا وەکوو کاندیدی هەدەپە خۆی بۆ شارەوانیی گەورەشاری ماردین کاندید کردووە و لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی FOX TVی تورکیا ڕەخنەی لە سیاسەتی ئاکپارتی گرتووە و دەڵێت: عەقڵییەتی حیزبی باڵادەستی تورکیا لە سەر بنەمای دژایەتی کردنی کورد دامەزراوە.
ئەحمەد تورک دەشڵێت: ئەو سیاسەتەی عەقڵییەتی ئۆتۆریتەییی ئاکپارتی گرتوویەتە بەر، کوردی تورکیا دەکاتە ئامانج و لە سەر بنەمای دژایتی کردنی کورد دامەزراوە و تەوەری بەقای نیشتمانی دێنێتە ئاراوە مەبەستیشی ئەوەیە مەعنەویاتی خەڵکانێک کە لە سیاسەت دوورن ببزوێنێت.
ئەو کاندیدەی هەدەپە زیادیشی کردووە: لە هەموو وتار و لێدوانەکانیاندا باسی شکستهێنانی پەکەکە دەکەن و دەڵێن کۆتاییمان بە پەکەکە هێناوە بەڵام لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا باسی بەقای نیشتمانی دێننەوە ئاراوە و دەڵێن پەکەکە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی دەکات. ئەم دژبەیەکییە چییە؟ ئەگەر پەکەکەتان تەواو کردووە بۆ وا باسی بەقای نیشتمانی دەکەن؟
ئەحمەد تورک ڕوونیشی کردەوە کە نابێت هەر تاکێک تانە یان ڕەخنەیێکی باس کرد تۆمەتی تیرۆریست بوونی بخرێتە پاڵ. لەو وڵاتەدا کە ڕەخنەگران بە تیرۆریست و جیاییخواز دەزانن دیموکراسییەت مردووە. سەرۆککۆمار باسی ئیرادەی نیشتمانی دەکات بەڵام 95 شارەوانیی ئێمە بە قەیوم ئیدارە دەکرێت. ئیرادەی نیشتمانی ئەمەیە؟!
Your Comment