به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (CHP) له به‌رنامه‌یێکی ڕاسته‌وخۆی ته‌له‌فزیۆنیی که‌ناڵی ستار تی ڤیدا له وه‌ڵامی پرسیاری پێشکه‌شکاری به‌رنامه‌که سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که "به بۆچوونی ئێوه YPG هه‌ڕه‌شه‌یێک بۆ سه‌ر تورکیا دێته ئه‌ژمار یان نا؟" ڕایگه‌یاند: چ که‌سێک بڕیاره هێرش بکاته سه‌ر تورکیا؟ YPG؟ له کاتی دامه‌زراندنی کۆماری تورکیاوه، ئه‌و وڵاته هیچ گرووپێکی تیرۆریستی وه‌ک هه‌ڕه‌شه بۆ بابه‌تی مانه‌وه‌ی نیشتیمانیی خۆی ههڵنهسهنگاندوووه. چۆن ده‌کرێت بیرۆکه‌یێکی بێهۆ به‌و شێوه‌یه ئاراسته بکرێت؟ تێکڕای هه‌وڵه‌کان بۆ ترساندنی گه‌له. بابه‌تی مانه‌وه شتێکی جیاوازه. عه‌قڵانییه‌ت و مهنتیقێکیان بۆ ئه‌و بابه‌ته نییه. وه‌به‌رهێنانی وڵاتێک له‌ناو ببه‌ن ئه‌وکات بابه‌تی مانه‌وه دێته‌ئاراوه.
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ڕه‌خنه‌ی له هێنانه‌گۆڕی بابه‌تی هاوکاریی CHP له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کاندا گرت و گوتیشی: له حاڵێکدا که ڕێژه‌ی بێ‌کاری له وڵات به‌رز بۆته‌وه و هاووڵاتییان به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لێکی زۆر بوونه‌ته‌وه ئه‌و [ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا] له هاوکاریی ئێمه له‌گه‌ڵ HDP قسه ده‌کات. تێکڕای خه‌ونه‌کانی له‌سه‌ر ڕق و نفره‌ت بنیات نراوه. باشتره قورساییی ئه‌و پۆسته درک بکه‌ی که به ده‌ستی تۆیه. تۆ وه‌ک سه‌رۆک کۆمارێک قسان ناکه‌یت به‌ڵکوو وه‌ک سه‌رۆکی پارتی داد و گه‌شه (AKP) قسه ده‌که‌یت. ده‌ستوور جه‌خت ده‌کاته‌وه ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت سه‌رۆک کۆمار بیت ده‌بێ بێلایه‌ن بیت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment