کوردپرێس
بە بڕیاری پارێزگاری کوردستان قایمقامی سەوڵاوا و مەریوان و دێولان گۆڕدراون و ئێستا قایمقامێتیی ئەو شارانە بەوەکالەت بەڕێوە دەبرێت. ئەو ئاڵوگۆڕانەش لە ئیدارەی پارێزگاکەدا کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە و ڕەخنەی ئەوە لە بەهمەن مورادنیا پارێزگاری کوردستان دەگیرێت کە سەری بێ دەلاک دەتاشێت و دیار نییە مەبەستی لەو ئاڵوگۆڕکردنە چییە و ڕاوێژیش بە کەس ناکات.
سەید ئەحسەن عەلەوی نوێنەری خەڵکی سنە و دیواندەرە و کامێران لە پەرلەمانی ئێران لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "من ئەمڕۆ لە میدیاکانەوە ئاگادار کرامەوە کە بەڕێز پارێزگاری کوردستان ئەو ئاڵوگۆڕانەی کردووە و بڕیارەکان بڕیاری شەخسین و ئێمە لێی ئاگادار نیین."
سەید ئەحسەن عەلەوی گوتیشی دیارە پارێزگار خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و دەتوانێت ئەو ئاڵوگۆڕە بکات بەڵام زەروورەتی هاریکاری و هەماهەنگی کردن لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە بەتایبەتیش نوێنەرانی پەرلەمان، بۆ دەرکردنی بڕیارەکان حاشاهەڵنەگرە.
عەلەوی جەختیشی کردەوە: پارێزگای کوردستان لەم قۆناغە سەختە ئابوورییەدا پێویستی بە کەسانێکە کە لە پۆستە باڵاکاندا توانای پێشخستنی دۆخەکە و گۆڕانکاری کردنیان هەبێت بۆیە داوا لە پارێزگار دەکەم لانی کەم دەستنیشان کردنەکە بە ڕاسپاردە و داواکراوی حیزب و لایەنێک نەبێت بەڵکوو کەسانێک دەستنیشان بکات کە بتوانن هەڵمەتێک بۆ چاکسازی کردن لە دۆخی ئابووری بنوێنن.
ناوبراو ڕەخنەی ئەوەشی لە پارێزگاری کوردستان گرت کە قایقمامەکانی بە وەکالەت دەستنیشان کردووە و لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: قایمقام بە وەکالەت توانای کۆنتڕۆڵ کردنی شارەکەی نییە بەتایبەتی لە شارێکی وەکوو مەریوان کە شارێکی مەرزییە و دۆخێکی هەستیاری تێدا حاکمە و ئەگەر شتێک ڕوو بدات قایمقام بە وەکالەت توانای کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکەی نابێت.
Your Comment