پێوەندیی تاران و بەغدا زامنی سەقامگیریی ناوچەکەیە/ عێراق شوێنکەوتووی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران نابێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا جەختی لەسەر ئیرادەی عێراقییەکان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی خۆیان لەبارەی دوژمنایەتی و گەمارۆ تاکەلایەنەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران کردەوە و وتی: عێراق تەئکید لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی خۆی دەکاتەوە و بە هیچ شێوەیێک مۆڵەت نادات خاکی وڵاتەکەی ببێتە بنکە و پێگەیێک بۆ هێرش کردنەسەر وڵاتانی دراوسێی.

کوردپرێس: حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوەڵامی بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا بە مەبەستی سەردانێکی سێ ڕۆژە، ڕۆژی دووشەممە 20ی ڕەشەمەی 1397 گەیشتە بەغدا ناوبراو کە یەکەمجارە بە یاوەریی شاندێکی باڵای سیاسی و ئابووری سەردانی عێراق دەکات لە دیدار لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەدا گەشەی پێوەندییەکانی لە دەستووری کاری خۆی داناوە. ئەم سەفەرە لەسەروبەندی کۆتایی هاتنی بەخشینی گەمارۆییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەنجام دەدرێت و واشنتن هەموو توانای خۆی بۆ دابەزاندنی ڕێژەی پێوەندیی تاران و بەغدا خستۆتە گەڕ.

ئاژانسی کوپرێس، لەبارەی ئەم سەفەرە و تێڕوانینی عێراق بە تایبەت پەرلەمانی ئەم وڵاتە بۆ پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیێکی ئەنجام داوە.

بەشیر حەدا لەبارەی سەفەری حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق لەم قۆناغەدا وتی: سەفەری جەنابی ڕۆحانی بۆ عێراق سەفەرێکی دۆستانە دەێتە ئەژمار، چوونکە ئێران و عێراق دوو وڵاتی دۆست و دراوسێن و بەرژەوەندییەکان و هەڵکەوتەی جوگرافیایی وایکردووە ئەم دوو وڵاتە پێوەندی دۆستانە و تۆکمەکراویان پێکەوە ببێت. لە ڕابردووشدا دیداری دۆستانە لەنێوان ئێران و عێراقدا بەڕێوەچووە لەوان سەردانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەروەها سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ عێراق.

بەشیر حەداد زیادی کرد سەفەری جەنابی ڕۆحانی بۆ بەغدا-یش بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی هەستیاری ناوچەکە، هۆکارێکی گرینگ لە تۆکمە کردنی پێوەندیی نێوان عێراق و ئێران دێتە ئەژمار، لە ئێستادا ناوچەکە تووشی تەنگەژە و گرفتی زۆرە بەتایبەت ناکۆکیی نێوان تاران و واشنتن و ئەم سەفەرە دەتوانێت دەورێکی تایبەت لە گەشەسەندنی پێوەندیی ئابووری و سیاسی و ئەمنی ئێران و عێراق بگێڕێت.

ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئیرادەی عێراقییەکان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی خۆیان لەبارەی دوژمنایەتی و گەمارۆ تاکەلایەنەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران کردەوە و وتی: عێراق تەئکید لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی خۆی دەکاتەوە و بە هیچ شێوەیێک مۆڵەت نادات خاکی وڵاتەکەی ببێتە بنکە و پێگەیێک بۆ هێرش کردنەسەر وڵاتانی دراوسێی.

جگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کاریگەریی پەرەسەندنی پێوەندیی نێوان عێراق و ئێران لەسەر ئاسایش و ئەمنییەتی ناوچەکە وتی: بە ئاوڕدانەوەی لەمەی کە ئێران و عێراق دوو وڵاتی گرینگی ناوچەکەن، باشتر بوونی پێوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەتوانێت کاریگەرییێکی ئەوتۆی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە ببێت چوونکە عێراق و ئێران لە ژیئۆپۆلۆتیک، سیاسەت و ئابووری ناوچەکەدا ڕۆڵێکی گرینگیاتن هەیە، بۆیە پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق دەتوانێت ببێتە پێوەندیی باشتری نێوان وڵاتانی کەنداوی فارس.

سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران لەسەروبەندی کۆتایی هاتنی بەخشینی گەمارۆی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت حەداد لەبارەی ئەمەی کە لەم دۆخەدا عێراق دەبێت چ سیاسەتێک هەمبەر ئێران و ئەمریکا بگرێتە پێش وتی: بە دڵنیاییەوە لەم دۆخەدا عێراق ئەولەویەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات بەڵام ئەم وڵاتە بەهیچ شێوەیێک نایهەوێت کۆتایی بە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بێنێ؛ چوونکە عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و سیاسەت و بڕیاردانی ئازادی هەیە و هیچ وڵاتێک ناتوانێت خواست داوای خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت چوونکە دابین کردنی بەرژەوەندیی عێراق بەسراوە بە پاراستنی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی.

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ڕۆڵی پەرلەمانی وڵاتەکەی لە تۆکمە کردنی پێوەندییەکان لەگەڵ ئێران وتی: زۆرینەی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق خوازیاری درێژەدان بە پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتن و نایانەوێت عێراق ببێتە بەشێک لە قەیرانی وڵاتانی دیکە و ببێتە دارەدەستی وڵاتێکی تر بۆ دژایەتی کردنی دراوسێکانی.

* دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52487

Your Comment

You are replying to: .
captcha