کاردانەوەکان لە بارەی هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی ڕاگەیاند قەبارە سیاسییەکانی هەرێم کاردانەوەی جیاوازیان بەو بڕیارە پیشان دا.

کوردپرێس:

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 8-3-2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆ بووەوە و لە پاش كۆبوونەوەكەش راگەیەندراوێک بڵاو كرایەوە و سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هەڵگیرا.

کاردانەوەکان بەرانبەر بەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جیاواز بوون و هەر یەکەو لە حیزب و قەبارە سیاسییەکانی کوردستان خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو بابەتە کرد.

فراكسیۆنی پارتی

فراكسیۆنی پارتی دیموكرات له ‌په‌رله‌مانی كوردستان لابردنی پاشەکەوتی مووچە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەوڵەکانی مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارتی و لەو بارەیەوە و ده‌ڵێ، "به‌ هه‌وڵی مەسعوود بارزانی و دیبلۆماسییه‌تی نێچیرڤان بارزانی بڕیاره‌ مێژووییه‌که‌ درا".

له‌دوای بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه ‌‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، " هه‌رچه‌ند پێشتر ئه‌و سۆزه‌ به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان درابوو هه‌موو هه‌وڵێک چڕ ده‌کرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ ناچاریه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، به‌ خۆشحاڵیی زۆره‌وه ئه‌مڕۆ به‌ هه‌وڵی هه‌موو په‌رۆشانی ئه‌و پرسه‌، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ڕۆڵی کاریگه‌ری بارزانی و چوون و سه‌ردانی بۆ به‌غدا، کلیلی ئه‌و چاره‌سه‌ریه‌ بوون، هه‌روه‌ها دیبلۆماسیه‌تی نێچیرڤان بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هه‌نگاوه‌ به‌رده‌وامه‌کانی و ته‌فاهووم و تێگه‌یشتنی به‌ڕێز عادل عبدولمه‌هدی وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و ڕۆڵی فراکسیۆنه کوردستانیه‌کان له‌ په‌رله‌مانی عێراق که‌ به‌گیانێکی یه‌کگرتوو له‌و بابه‌ته‌ هه‌وڵیان دا، ئه‌مڕۆ بڕیاره‌ مێژووییه‌که‌ درا".

فراکسیۆنی یەکێتی:

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكدا سەبارەت بە لابردنی پاشەكەوت مووچە لەلایەن حكوومەتی هەرێم وێڕای دەستخۆشی و پشتیوانی کردنی لە بڕیارەکە ڕایگەیاندووە كە ئەم لابردنە دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییانی كوردستان.

لە چوارچێوەی چوار ساڵ لەتێپەڕاندنی زەحمەت و سەختی دۆخی ئابووری و هەڕەشەی تێرۆر و تێرۆرستان لەسەر ‌ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، دابەزینی نرخی نەوت، و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پاشەكەوتی مووچەی دەركرد.

مسۆگەر، ئەم بڕیارە دەرهاویشتەی دۆخی نەخوازراوی ئابووری و سیاسی و ئەمنی ناوچەكە بوو، بەجۆرێك كە لەئاست ویست و داواكاریی هیچ كەسێك نەبوو- بەڵكە بڕیارێك بوو بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و دەستەبەركردنی ڕێگە چارەی گونجاو و پێویست بۆ دەربازكردنی ڕەوشی نائارامی كوردستان.

هاوكات دەركردنی ئەم بڕیاره لەكاتێكدابوو كە كەمبوون ئەو لایەنانەی بەهەستی بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەو دوور لە موزایەداتی سیاسی، شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتییێكی وەها سەخت لەمەڕ نەهامەتی و نەنگی دۆخە یەک لەدوا یەكەكان.

سەرباری دۆخی سەخت و دژواری ناوچەكە، گومان ناكەین كە ئەم بڕیاره خاڵێكی وەرچەرخان دەبێت لەخزمەتكردنی هاووڵاتییانی كوردستان؛ هاوكات ئەم بڕیارە، بووژانەوەی گوزەرانی هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان مسۆگەرتر دەكات.

فراکسیۆنی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕانیش بە قازانجی خۆی بەهرەی لە هەڵگرتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە وەرگرتووە و دەڵێت ئەو بڕیارە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان گۆڕان و پارتی بووە.

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان ده‌ڵێ، هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە زۆرترین تەوەری گفتوگۆی ئه‌وان بووه‌ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئاوات شێخ جه‌ناب، ئەندامی شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی بڕیاری پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ڕایگه‌یاند، "ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی وەزیران لە دەرهاویشتەی ڕێكەوتنی سیاسیی نێوان ئێمه‌ و پارتییە".

ئاوات شێخ جه‌ناب ده‌شڵێ، " زۆرترین تەوەی گفتوگۆی دانوستانەكانمان لەگەڵ پارتی بریتی بووە لە ئەنجامدانی چاكسازیی ریشەیی و بەتایبەتیش هەڵگرتنی زولمَی پاشەكەوتی مووچە كە سێ‌ ساڵە فەرمانبەران لەنارەحەتی و زەحمەتدان". ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی لێدوانێكی ناوبراو بۆ دیجیتاڵ میدیای ڕۆژنامه‌ی زه‌مه‌ن.

فراکسیۆنی یەکگرتوو

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندیی حیزبی دەانێت و دەڵێت، پاشەكەوتی مووچە و قووتی مووچەخۆرانی هەرێم كرایە قوربانی دانەوەی قەرزی وەبەرهێنانی حكوومی و وەرنەگرتنی باج لە كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی تەسكی حزبی و كەسی.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە پێویستی دەزانین حكومەتی ھەرێمی كوردستان سیستمی مووچە و خانەنشینی هاوتای عێراق بكات ئەوجا میكانیزمێكی خێرا و متمانەپێكراو دیاری بكات بۆ گێڕانەوەی پاشەكەوت­كراوە زەوتكراوەكانی فەرمانبەرانی ھەرێم.

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی یەکگرتوو:

ئایا ستەمی پاشەكەوتی مووچە لابرا ؟

لەمانگی دووی٢٠١٦ بڕیاری نایاسایی پاشەكەوتی مووچە دراو ژیان و قوتی مووچەخۆرانی هەرێم كرایە قوربانی دانەوەی قەرزی وەبەرهێنانی حكومی شڵەژاو و وەرنەگرتنی باج لە كۆمپانیا نەوتیەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و كەسی.

جێی خۆیەتی لێرەدا ئەوە بڵێین كە نەناردنی یاسای بوجەی چوارساڵی ڕابردووی حكوومەتی هەرێم بۆ پەرلەمان هیچ متمانەیێک بۆ ڕاگەیەنراوە داراییەكانی حكوومەت ناهێڵێتەوە لەبەر پاكتاونەكردنی داھات و خەرجیەكان و نەزانینی توانای ڕاستەقینەی دارایی حكومی.

بڕیاری ھەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچە سەلماندی، ئەوە دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمە ئەو بڕیارە بدات نەك ئەو چەواشەكاریەی لە خولی پێشوو كردیان بۆ عەیبداركردنی پەرلەمان دوای ناردنی پاكێجی چاكسازی لە لایەن حكوومەتەوە كە سوور دەیانزانی بەرژەوەندی كەسی ڕێگر دەبێت لەو چەشنە بڕیارانە و بەتایبەت بۆ دەنگدەرانیان لە بن دیوار و فرە مووچەو خانەنشینە نایاسییەكانیان.

ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كورستان بە پێویستی دەزانین كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سیستمی مووچەو خانەنشینی ھاوتای عیراق بكات ئەوجا میكانیزمێكی خێراو متمانەپێكراو دیاریی بكات بۆ گێڕانەوەی پاشەكەوتكراوە زەوتكراوەكانی فەرمانبەرانی ھەرێم و لەوپێناوەدا لە ١٨/٢/٢٠١٩ ڕێكاری پێویستمان بۆ گرتەبەر لەپەرلەمانی كوردستان دا، ھەروەھا خانەنشینیش لە چوارسەد ھەزار كەمتر نەبێت و پلە تایبەتیش بە پانزە ساڵ خزمەت و پەنجا ساڵ تەمەن خانەنشین بكرێت.

بە بەڵگە و داتا دەیسەلمێنین كە دەبوو زۆر زووتر پاشەكەوتی مووچە ھەڵگیرابایە.

لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین كە دەبێت حكومەت وەڵامی ھەبێت بۆ ٣١٧ ملیارەكەی مانگی دوانزەی٢٠١٨ كە وەریگرتووە لە بەغداوە و ئێستا دەیەوێت پاشەكەوتی بكات.

ھەروەھا ڕادەستكردنی دووسەد و پەنجا ھەزار بەرمیل ڕۆژانە لەنەوتی ھەرێمی كوردستان بە بەغدا لە چوارچێوەی پابەندبوون بەیاسای بووجەی عیراق٢٠١٩ لەبەرژەوەندی ئابووری ھەرێمی كورستان دەزانین.

ھیوادارین قۆناغی ستەمكاری كۆتایی بێت و قووتی میللەت نەكرێتە قوربانیی ستەمكاران.

ئێن ئاڕ تی و نەوەی نوێ

تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی وەکوو میدیای فەرمیی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاپۆرتێکی کورتی لە سەر لابردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە بڵاو کردۆتەوە و تێیدا وتوویەتی: بوونی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم و ناردنی پارە لە بەغداوە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ناچار کرد سیستمی پاشەکەوتی مووچە هەڵبوەشێنێتەوە، کە سێ ساڵە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمدا سەپێنراوە.

بەشێک لە چاودێرانى سیاسیی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە ساڵى ٢٠١٥ کاتێک پارتی و نێچیرڤان بارزانى بە پشتگیری لایەنەکان بڕیاری ئابووری سەربەخۆیان دا و دواتر لە ٢٠١٦ پاشەکەوتی مووچەیان ڕاگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکان بریتیبوو لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆن، پارتی و بنەماڵەی بارزانی باش دەیانزانی، کە ئەگەر هەموو حزبەکان لە حکوومەتدا بەشداری بکەن، ئەوا هیچ هێز و لایەنێک نییە کە شەقام بجوڵێنێت و ناڕەزایی دەرببڕێت.

بەڵام ئێستا کە پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا ئاسایی کردەوە و بڕیارى لابردنى پاشەکەوتى مووچەى داوە، دەزانێت کە چوار ساڵی داهاتوو ناتوانێت دۆخی هەرێمى کوردستان بەم شێوەیە بهێڵێتەوە و دۆخی مووچە وەک ڕابردوو بمێنێتەوە.

چوونکە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن هەیە، و وەکو کابینەى پێشوو نییە کە کۆى حزبەکان لە حکومەتەکەی پارتیدا بەشداربن و پارتی و خودی مەسعود بارزانیش لایان گرنگە کە چوار ساڵی داهاتوو کێشە بۆ مەسروری کوڕی دروست نەبێت، بۆیە پاشەکەوتی موچەیان لابرد تاوەکو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەتایبەت نەوەی نوێ، بیانووی مووچە بەکارنەهێنێت بۆ جوڵاندنی شەقام.

لەلایەکی دیکەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەکەوتی موچە پاش چەندین هەوڵى چڕوپڕى بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێڕاق دێت، نزیکەى دوو مانگیشە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵى ٢٠١٩ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراوە و پشکى هەرێمیش لەو بودجەیە بە ڕێژەی لە سەدا ١٢ پۆینت ٦٧ دیاریکراوە، بەڵام ئێستا پارتى و نێچیرڤان بارزانى دەیانەوێت لابردنى پاشەکەوتى موچە بکەن بە دەستکەوتى خۆیان.

هاوکات ڕابون مەعرووف سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، پارتى دڵخۆش نەبوو بە تێپەڕاندنى پرۆژە یاساى بودجەى عێراق بە شێوازێکى باش، کە سەربکێشێت بۆ ڕێککەوتنێکى گشتگیر و شەفاف، بەشێک لە پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى پارتى لەکاتى دەنگدان بە پرۆژەکە لە هۆڵى پەرلەمان چوونە دەرەوە و دەنگیان بە پرۆژە یاساکە نەدا.

ئێن ئاڕ تی ئەوەشی زیاد کردووە: "پێشتر پارتى لەکاتى ڕیفراندۆمدا، خۆیان وەکو ئەندازیارى ئابوورى سەربەخۆ بۆ هەرێم ناودەبرد و کۆى گفتوگۆکان و سیاسەتى بەغدایان ڕەتدەکردەوە، ئێستاش شانازى بەو موچەیەوە دەکەن کە بەغدا دەینێرێت و وەکوو دەستکەوت بە هاووڵاتییانى هەرێم و موچەخۆرانى دەفرۆشنەوە."

قوباد تاڵەبانی

جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پاشەكەوتكردنی مووچە خواستی ئێمە نەبووە، بەڵام لەپاش شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی ئاوارەكان، ناچار بووین بۆ مانەوە، پاشەكەوتی مووچە بیكەینە چارەسەرێكی كاتی.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نوسیوویەتی” هەروەك بەڵێنمان دابوو، بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ برای بەڕێزم كاك نێچیرڤان بارزانی لەبری ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند”.

تاڵەبانی نوسیوویەتی: زۆر جار وتوومانە، پاشەكەوتكردنی مووچە خواستی ئێمە نەبووە، بەڵام لەپاش شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و شەپۆلی ئاوارەكان، ناچار بووین بۆ مانەوە بیكەینە چارەسەرێكی كاتی.

بە پێی نووسینەكەی قوبادتاڵەبانی” پارەی پاشەكەوتكراوی مووچەخۆران قەرزێكە لە گەردنی حكوومەتی هەرێم و وەك چۆن ئێستا هەڵگرتنی پاشەكەوت ڕادەگەیەنین، ئاوەهاش چاومان لەوەیە لە بۆنەیێكی هاوشێوە مژدە بەخشدا چۆنیەتی و میكانیزمی گێڕانەوەی ڕابگەیەنین.

وەزارەتی داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی دەڵێت بە دیپڵۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی و لێهاتووییی ئەو قیادە سیاسییەی کورد بوو کە بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە دراوە.

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان "کەشتیوانێکی خاوەن ئیرادە بوو بە جورئەتەوە رووبەڕووی ھەموو ئاڵنگارییەکان وەستایەوە".

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسینێکدا لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی، "نێچیرڤان بارزانی رووبەڕووی ھەموو ئاڵنگارییەکان وەستایەوە و توانیی حکوومەتێک، دوای بڕینی بودجە و ھاتنی دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی کە بە داعش ناسرابوو و دروست بونی قەیرانی دارایی و ململانێی ناوخۆیی و کێشەکانی بەغدا و داخستنی فرۆکەخانە و داخستنی دەروازەکان و پەلاماردانی پایتەختی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵدان بۆ لە ناوبردنی کیانی ھەرێمی کوردستان".

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکاو ئەوروپاو بە پشتیوانی و لە خۆبوردەیی و سیاسەتی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم و پاشان وەک سەرکردەیەکی گەورەی کورد کە بەرگری و پشتیوانییێکی بێ وێنەی ھەرێم و حکوومەتی کرد".

ئەنجومەنەكانی مامۆستایانی ناڕازی

ئەنجومەنەكانی مامۆستایانی ناڕازی، لە ڕاگەیەنراوێكی 5 خاڵیدا ڕای خۆیان بە چەند خاڵێك خستۆتە ڕوو، كە تیایدا پێشوازی لە بڕیاری هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی مووچە دەكەن و بە هەنگاوێكی گرنگ و باشی دەزانن، هەروەها دەڵێن، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتییان پشوودرێژانە بوونە دەنگی داواكردنی ماف، لە خەباتی مەدەنی فراوانی ڕابردووداو ئەم خەباتەش ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە بەزیندو هێشتنەوەی كەیسی پاشەكەوتی مووچە لە جێ بەجێكردنیەوە تا ئەمڕۆ، كە بڕیاری هەڵوەشانەوەی درا.

News Code 52429

Your Comment

You are replying to: .
captcha