کوردپرێس:
ھاوکار جاف کادیری پێشکەوتوی یەکێتیی و شارەزای بواری ئەمنی بەSNNی ڕاگەیاند، "شەڕ لەناوچەی (باغۆز)ی سوریا بەردەوامە کە نزیکەی ١٥ ھەزار شەڕڤانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بەپاڵپشتی ئەمریکا لەو شەڕەدا بەشدارن".
ناوبراو وتیشی:"کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیە بەواتای کۆتاییھاتنی داعش نییە، بەڵکوو بریتییە لە کۆتاییھاتنی خاکی خەلافەتی داعش و سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئەو گرووپە تیرۆریستییە".
هاوکار جاف ڕاشیگەیاند، "ئەو شەڕکەرانەی داعش کە لەباغۆز مابوونەوە، لە تاوانبارە گەورەکانی داعشن و ئێستا تا مردن شەڕ دەکەن، بەشێکیشیان ئەوانەن کە بیانین و بەمەبەست خۆیان ڕادەستی ھێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن، چوونکە یاسای نێودەوڵەتیی وڵاتانی ئەورووپا ڕێگرە لەوەی وەکوو تیرۆریست و تاوانبار ڕادەستیان بکرێتەوە، بۆیە دەبنە بارگرانی بەسەر ھەسەدە".
لەباری کاری نوێی گروپی داعش، ئەو کادیرەی یەکێتیی وتی:"لەمەودوا داعش دەست بەخۆڕێکخستنەوە و دروستکردنی مەفرەزەی بچووک و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی وەکو ساڵانی (٢٠٠٩، ٢٠١٠، ٢٠١١ و ٢٠١٢) لە عێراق و سووریا و وڵاتانی ئەورووپا دەکاتەوە".
ناوبراو ئاشکراشی کرد، لە باشووری مووسڵ و بەدیاریکراوی لەناوچەی (حەزەر) تا دەگاتە بیابانی ڕومادی کە ناوچەیێکی بەرفراوانە و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ جەزیرەی سەڵاحەدین و زنجیرە چیاکانی حەمرین، چەکدارانی داعش بەھێزێکی زۆر و جبەخانەوە بوونی ھەیە.
Your Comment