سەرۆکی بەرەی تورکمانی: دەبێت پارێزگاری کەرکووک توركمان بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند بە شێوەیێكی گشتی بارودۆخی کەرکووک ئێستا جێگیرترە لەڕووی سیاسی و ئاسایشەوە، بەپێی ئیستحقاق دەبێت پارێزگاری کەرکووک لە توركمان بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی بۆ ئێن ئاڕتی ڕایگەیاند: کەرکووک لە چوارچێوەی پارێزگاكانی هەرێمدا نییە و حكوومەتی عێراق حوكمی دەكات و بەپێی دەستوور نابێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووک جگە لە حاڵەتی نائاسایی، ئەگەر داوای پشتیوانی كرا ئەوكاتە پێشمەرگە دەتوانێت بگەڕێتەوە کەرکووک.

ناوبراو ڕاشیگەیاند دەبێت پارێزگاری کەرکووک بە ڕێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمان یەكلابكرێتەوە نەک لەگەڵ پارتی، بەپێی ئیستحقاق دەبێت پارێزگاری کەرکووک لە توركمان بێت و بە هیچ پێوەرێک نابێت پارێزگاری کەرکووک لە یەكێتی بێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بێ بەرەی توركمانی ناتوانرێت پارێزگار بۆ کەرکووک دابنرێت، یەكێتی و پارتی شەقامی كوردی هەڵدەخەڵەتێنن لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵی ڕێككەوتنیان، و کەرکووک بۆتە هۆی دروست بوونی دوو ئیدارەی لە هەرێم لە كاتێكدا کەرکووک هی كورد نییە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەی توركمانی پەیوەندییێكی باشی لەگەڵ توركیادا هەیە و پشتیوانی ئێران و وڵاتانی كەنداویشی هەیە و هەموو ڕێگریی دەكەین جارێكی تر یەكێتی حوكمی پارێزگای کەرکووک نەکەن.

ئەم وتانەی ئەرشەد ساڵحی لەکاتێکدایە، کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان زیاترین کورسیی کەرکووکی لە پەرلەمانی عێراق بەدەستۆیە و وەرگرتنی پۆستی پارێزگای کەرکووگ بە مافی کورد دەزانێت. ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئازاری ٢٠١٩ بە ئامادەبوونی هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو حزبە سەبارەت بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک و بەغدا ئیمزا کرا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52418

Your Comment

You are replying to: .
captcha