بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن گرووپی ناسراو بە ئەنسارولتەوحید سەربە گرووپی تیرۆریستیی قاعیدە لە دەڤەری ئیدلیب هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوپای سووریا و ژمارەیێک زۆر لە هێزی سەربازیی سووریا بە هۆی هێرشەکەوە کوژران و بریندار بوون.
ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا لە لەندەن هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند ژمارەی کوژراوانی هێرشەکە 21 کەسن. هەروەها ئەم ناوەندە دەڵێت پێنج کەس لە هێزەکانی ئەنسارولتەوحید کوژراون.
میدیاکانی سووریاش بەبێ ئەوەی کە ئاماژە بە ژمارەی کوژراوەکان بدەن هەواڵی کوژرانی چەند هێزی خۆیان پشتڕاست کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریە لە بەیاننامەیێکدا ئاماژەی دا بەم هێرشە و وتی: مۆڵەت نادەین هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر هاووڵاتیان و هێزەکانی ئێمە درێژەی ببێت.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە لەم ماوەیەدا ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا لەسەر ڕێککەوتننامەی سۆچی و دامەزراندنی ناوچەی ئارام زیادی کردووە و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە دوا وتەیدا داوای لە تورکیا کرد پێبەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت لەبارەی ئیدلیب.
ئەمەش قورسترین هێرشە لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا لە ئیدلیب.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی هابر تورک
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment