کوردپرێس: ئەو منداڵانە لەدۆخ و کاتێکی نەگونجاودا بوونەتە قوربانی ڕەفتارەکانی داعش و پێشتر لە ژیانی هاوچەرخ بەدووربوون و ئێستاش لەگەڵ کۆتایی هاتنى خەلافەتى ئەو رێکخراوە، چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانیان دەکات و کەم کەس و لایەن ئامادەن باوەشیان بۆ بکەنەوە.
بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا نزیکەی ٢ هەزار منداڵ و هەزار ژنی چەکدارانی داعش کە بەسەر ٤٦ نەتەوەدا دابەشبوون لە کەمپەکانی ناو عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریادان.
دەسەڵاتدارانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕایانگەیاند زیاتر لە ٨٠٠ نەوەی داعشیان لەناو ژمارەیێک کەمپی دوورەپەرێز، یان لە خانەی بێ سەرپەرشتیاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستبەسەرن، کە بەسەر ١٤ نەتەوەدا دابەش بوون.
هەرچی ڕێکخراوی منداڵان ڕزگاربکەنى جیهانییە ئاشکرای کردووە، ژمارەی منداڵانی بیانی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دوو هەزار و ٦٠٠ منداڵ تێپەڕی کردوو و تا ئێستاش ژمارەیێک منداڵی تر لە دواین پێگەی داعش لە شارۆچکەی باغۆزدا ماون.
بە وتەی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان، ڕێژەی گیانلەدەستدان لەنێو ئەو منداڵانەدا بەرزە، چوونکە بۆ چەندین مانگ لەژێر گەمارۆدا بوون و دووچاری بەدخۆراکی و نەخۆشی بوون.
هەندێک لە منداڵەکان لەناو گەرمەی شەڕ و بۆردوومان و تەقینەوەدا لەدایکبوون و هەندێکی تریشیان پێشتر لەگەڵ دایک و باوکیان هێنراونەتە عێراق و سووریا، کە داعش نازناوی بەچکەشێرەکانی خەلافەتی لێنابوون هەوڵی دابوو نەوەیێکیان لێ دروست بکات کە جگە لەشەڕ و خۆتەقاندنەوە هیچ شتێكی تر نەزانێت.
لە ئێستادا بەشێک لە وڵاتانی بیانی ئامادەنین هیچ کام لە ژنانی چەکدارانی داعش یان منداڵاکانیان بۆ خاکی خۆیان بگەڕێننەوە و پێیان وایە لە داهاتوودا دەبنە بۆمبی کاتی و شانەی نوستوو، بەشێکی تریشیان تەنها ئامادەییان نیشانداوە ژنەکان بگەڕێنەوە و دەڵێن منداڵەکانیان هیچ بەڵگەنامەیێکی فەڕمیان نیە و بێ شوناسن.
زۆرێکیش لەو منداڵانەی کە دایکیان ئێزدیە و ئێستا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لەلایەن هۆزەکانیانەوە بە ئێزدی لەقەڵەم نەدراون و ڕەتکراونەتەوە و بەناچاری خراونەتە خانەکانی بێ سەرپەرشتیارانەوە.
سەرچاوە: ئین ئاڕتی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment