لە پارێزگای شرناخ تورکیا دەروازەیێکی سنووریی نوێ لەگەڵ عێراقدا دەکاتەوە

بەشی تورکیا- مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەنیازە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا فراوانتر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەروازەیێکی نوێی سنووریی لەگەڵدا دەکاتەوە.

کوردپرێس: ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵوی تورکی لە زاری چاوشئۆغلۆوە ئەمڕۆ شەممە بڵاوی کردەوە عێراق خاوەنی پێگە و تایبەتمەندیی بەهێزە، ئەوەش وادەکات ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵدا بەرز بکرێتەوە بۆئەوەی بگاتە نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان تورکیا و عێراقدا گەیشتووەتە ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.

چاوشئۆغلۆ جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بەنیازە دەروازەیێکی سنووری نوێ لەگەڵ عێراقدا لە نزیک گوندی "ئاوفاکوی" لە پارێزگای شرناخ بکاتەوە، کە تەنها ٧ کیلۆمەتر دوورە لە سێگۆشەی سنووری هاوبەشی تورکیا و سووریا و عێراقەوە.

هاوکات ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی ئاوەدان کردنەوە و جێبەجێ کردنی تاقی کردنەوە سەرکەوتووەکانی خۆی لە عێراقدا، بۆ ئەو مەبەستەش لە کۆنگرەی کوەیت، کە تایبەت بوو بە ئاوەدان کردنەوەی عێراق، وڵاتەکەی بەڵێنی پێشکەش کردنی بڕی پێنج ملیار دۆلاری داوە بەو وڵاتە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئاشکرای کرد، دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیا، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا دەکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52259

Your Comment

You are replying to: .
captcha