بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەندریا یولیکە، ئەندام پەرلەمانی ههرێمی براندنبۆرگی ئەڵمانیا بە K24ی رایگەیاند: "لە ساڵی 2016ەوە پەرلەمانی براندنبۆرگ بڕیاری ھێنانی 60 کچی قوربانیی دەستی داعشی لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا داوە، بەڵام مانگی نیسانی ئەمساڵ بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت".
ئەندریا یولیکە گوتیشی: "وەک ھەنگاوی یەکەم دوو ملیۆن یۆرۆ بۆ پڕۆگرامەکە تەرخان کراوە کە خەرجی چارەسەری تەندروستی و چاودێری کردنی دۆخی ئەو قوربانیانە لەخۆ دەگرێت".
ئەندریا یولیکە، روونی كردەوە: "ئێمە لە پەرلەمان لە ساڵی 2016 بڕیارمان دا کە ئەو کچ و ژنە ئێزدیانە وەربگرین کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر لە لایەن داعشەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێت لە ئەڵمانیا چارەسەری تەندروستی وەربگرن و ژیان دەستپێبکەنەوە، بەڵام بەداخەوە زۆری خایاند بەھۆی ئەوەی دەبوو حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیارەکەمان پەسەند بکات و جێگە و رێگە بۆ ئەوکەسانە دابین بکرێت کە وەردەگیرێن".
ناوبراو راشیگەیاند: "براندنبۆرگ ههرێمێكی بچووکە، بۆیە سەرەتا بڕیارماندا کە 60 کچی ئێزدی وەربگرین و بەتایبەت ئەوانەی ماوەیێکی درێژ لە زیندان ماونەتەوە و منداڵیان پەیدا بووە، بۆ ئەوان قورسە لە کوردستان بڕیاری ئەوە بدەن کە ئایا منداڵەکە لەخۆ بگرن یاخودنا، ئەوانە زۆربەیان تووشی نەخۆشی دەروونی بوونە و لە دۆخێکی قورسدان، بۆیە ئێمە ئەوانەمان دەستنیشان کرد".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment