گه‌نده‌ڵیی 300 ملیار دیناریی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی هه‌رێم ئاشکرا ده‌کرێت

به‌شی هه‌رێمی کوردستان- ئه‌نیستیتۆی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان چه‌ندین گه‌نده‌ڵی له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و خوێندن له ‌هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات که‌ له‌ هه‌رێم 300 ملیار دیناری تایبه‌ت به ‌دروست كردنی قوتابخانه‌ دیار نه‌ماوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به ‌به‌شداریی ژماره‌یێک په‌رله‌مانتار و به‌رپرسانی حكومی و چالاكوانانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ هوتێل بانوژی شاری هه‌ولێر ئه‌نیستیتۆی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان دوو ڕاپۆرتی تایبه‌تی له‌سه‌ر كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌ که‌ له‌ ڕاپۆرته‌که‌یدا هاتوووه‌ له‌ هه‌رێم 300 ملیار دیناری تایبه‌ت به ‌دروست كردنی قوتابخانه‌ دیار نه‌ماوه‌.

له‌ كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی ئه‌نیستیتۆی په‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرته‌كانی بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خسته‌ڕوو و وتی: خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێم یاسایێكی تایبه‌ت به‌ خۆی نییه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی "به‌پێی ده‌ستوور و یاسا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا خوێندن به‌خۆڕاییه‌، كه‌چی به‌ كۆمه‌ڵێک بڕیار و ڕێنمایی له‌ ژێر ناوی خوێندنی ئێواران (پارالێڵ) و كرێی نیشته‌جێبوون له‌ به‌شه ‌ناوخۆیییه‌كان به ‌پێچه‌وانه‌ی یاساوه‌ پاره‌ له‌ خوێندكاران وه‌رده‌گیرێت."

ناوبراو گوتیشی که‌ جیاوازی كردن له‌ نێوان زانكۆیێک و زانكۆیێكی دیکه‌دا هه‌یه‌، هه‌ندێک زانكۆ پاره‌یێكی باشیان بۆ خه‌رج كراوه‌ و هه‌ندێكیش فه‌رامۆش كراوه‌.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسییه‌كه‌دا سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان وتی: "جێگه‌ی تێڕامانه‌ كه‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ به ‌درێژاییی 27 ساڵی ڕابردووی حوكمڕانی وه‌ک كۆی كه‌رته‌كانی دیكه‌ نه‌ک كار بۆ پێشخستنی نه‌كراوه‌ به‌ڵكوو ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕووبه‌ڕووی پاشه‌كشه‌ی زۆر و مه‌ترسییێكی گه‌وره‌ كراوه‌ته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ نه‌ له‌ ڕابردوو و نه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م كه‌رته‌ جێگه‌ی گرنگی پێدانی حكوومه‌ت نه‌بوووه‌."

ناوبراو ئاشكراشی كرد: ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ ته‌رخان كراوه‌ له‌ 95%ی بۆ مووچه‌ ڕۆیشتوووه‌ و ته‌نها 5%ی بۆ كاروباره‌كانی دیکه‌ ماوه‌ته‌وه‌ "هه‌رچه‌نده‌ له‌ كابینه‌ی شه‌شه‌مدا له‌ یاسای بودجه‌ی هه‌ر دوو ساڵی 2010 و 2011دا هه‌ر ساڵه‌ی بڕی 150 ملیار دینار بۆ دروست كردنی قوتابخانه‌ له‌ هه‌رێم ته‌رخان كرا و چوووه‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ به‌ڵام له‌ كابینه‌ی حه‌وته‌مدا وێڕای ئه‌وه‌ی ساڵانی 2011 و 2013 له‌ یاسای بودجه‌دا ساڵانه‌ هه‌مان بڕ ته‌رخان كرا به‌ڵام هیچ قوتابخانه‌یێک دروست نه‌كرا و بودجه‌كه‌ش كه‌ 300 ملیار دینار ده‌كات نازانرێت چی به‌ سه‌ر هات و له‌ چی خه‌رج كرا؟" ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پێویست بوو له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا نزیكه‌ی 500 بینای قوتابخانه‌ دروست بكرێت به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌.

سه‌باره‌ت به ‌ڕه‌وشی بینای قوتابخانه‌كانیش سه‌رۆكی ئه‌نیستیتۆی په‌ی ئاشكرای كرد: له‌ 60%ی قوتابخانه‌كان گونجاو نین بۆ خوێندن و له‌ كۆی پێنج هه‌زار و 234 قوتابخانه‌، سێ هه‌زار و 162 قوتابخانه‌ پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش جگه‌ له ‌چه‌ندین گرفتی‌تر له‌ به‌رده‌م ئه‌و كه‌رته‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52188

Your Comment

You are replying to: .
captcha