بەپێی هەواڵی کوردپرێس بڕیارە فیلمی ماندوو لە هۆڵی "سیمرغ"ی بۆکان نمایش بکرێت و پاش بڵاوبوونەوەی فیلمەکەش ئیبراهیم سەعیدی دەرهێنەری ئەو فیلمە بە یاوەریی چەند پسپۆڕی بواری سینەما قسە لە سەر فیلمەکە بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپرێس نمایش کردنی فیلمەکە بە بێ بەرانبەر دەبێت و هەمووان دەتوانن بە خۆڕایی ئەو فیلمە ببینن.
فیلمی "ماندوو" بەرهەمی ئیبراهیم سەعیدی دەرهێنەری مەهابادییە کە ساڵی 2010 بەرهەم هێنراوە و چیرۆکی بنەماڵەیێکی ئێرانی دەگەڕێتەوە کە 28 ساڵ لە عێراق ژیاون و پاش ڕووخانی سەدام بەنیازن بگەرێنەوە بۆ ئێران.
فیلمی "ماندوو" تا ئێستا بەشداریی چەندین فستیڤاڵی جیهانیی کردووە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیشی مسۆگەر کردووە کە خەڵاتی "فیپرشی"ی ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی ڕەخنەگرانی فیلم لە خولی هەشتەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "شێڵانەی زێڕین" لە وڵاتی ئەرمەنستان یەک لەو خەڵاتە بەنرخانەیە.
فیلمەکە هەروەها خەڵاتی تایبەتی لیژنەی نێوبژیڤانی خولی یازدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "بەیرووت"ی وڵاتی لوبنانیشی وەدەست هێناوە.
Your Comment