بەپێی هەواڵی کوردپرێس فەریق عەلیڕەزا تەنگسیری فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا وتوویەتی: "گەرووی هورموز و تەنانەت کەنداوی فارسیش زیاترین سنووری لەگەڵ کەناراوەکانی ئێران هەیە و هەموو ئەو کەشتییە نەوتییانەی نەوتی ناوچەکە دەنێرنە وڵاتانی جیهان دەبێت لە گەرووی هورموزەوە تێپەڕن؛ بۆیە تا ئەو کاتەی نەوتی ئێران دەفرۆشرێت گەرووی هورموز کراوە دەبێت بەڵام ئەگەر هەر وڵات یان کەسێک بیهەوێت ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرێت ئەوا بە بێ سێ و دوو گەرووی هورموز قەپات دەکەین."
فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران ئەوەشی وتووە مەعقوول نییە وڵاتانی بیانی لەوپەڕی جیهانەوە بێنە ناوچەکە و کڕین و فرۆشتنی نەوت بە ئاسایی بکرێت بەڵام ڕێگە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران نەدرێت.
ناوبراو زیادیشی کرد: ئێران حەرەسی گەرووی هورموزە و ئەو ناوچەیە بەتەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە و معقوول نییە کە ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران و تێپەڕینی کەشتیی نەوتیی ئێران بکرێت. بۆیە تا ئەو کاتەی کێشە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دروست نەبووە گەرووی هورموزیش کراوە دەبێت بەڵام ئەگەر مەشاکیل لە فرۆشتنی نەوتی ئێران دروست بکرێت ئەوا گەرووی هورموز قەپات دەکرێت.
فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران گوتیشی: کەنداوی فارس هەتا دەریای عەرەب هی وڵاتانی ناوچەکەیە و دەبێت داهاتەکەشی بۆ ئەو وڵاتانە بێت و ئێران و 9 وڵاتی عەرەبیی ناوچەکە خاوەنی سامانی ئەو بەشە لە ئاوی جیهانن بەڵام وڵاتانی بیانی بە بیانووی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ئاوەکان بە ژێرئاوگەڕ و کەشتیی جەنگیی فڕۆکەهەڵگر دێنە ناوچەکە و تەڕاتێن دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدا ئێران چەندین جار وتوویەتی توانای ئەوەی هەیە ئاسایشی ناوچەکە دابین بکات و پێویستی بە بوونی سەربازیی وڵاتانی بیانی نییە.
فەریق تەنگسیری ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەر یەک کەشتیی جەنگی کە دێتە ئاوەکانی کەنداوی فارس ڕۆژانە 2 بۆ 3 ملوێن دۆلار مەسرەف هەڵدەگرێت و دیارە ئەو باجەش لە گیرفانی وڵاتانی ناوچەکە دەدرێت. بۆیە ئاشکرایە کە وڵاتانی بیانی تەنیا لە بەر دۆشینی سامانی ناوچەکە هاتوونەتە ئێران و کە پارەی تێدا نەما پشتی لێهەڵدەکەن.
مانگی ئایاری ساڵی پار بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، واشەنتن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتانی 5 کۆ یەک و ئێران کشایەوە و بڕیاری دا بە گەڕاوندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر وڵاتی ئێران و مانگی کانوونی یەکەمیش قەدەغەی کڕینی نەوتی ئێران ڕاگەیاند و تەنیا 8 وڵاتی جیهان مافی کڕینی نەوتی ئێرانیان بۆ ماوەی 6 هەیە و ئێستاش ئیدارەی ترەمپ هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە پاش تەواوبوونی ماوە 6 مانگییەکە لێبوردنەوە نوێ ناکەنەوە و هیچ وڵاتێک بۆی نییە نەوتی ئێران بکڕێت. هەر بەو بۆنەیەشەوە پێشتر حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران لە لێدوانێکدا وتبووی ئەگەر بڕیار بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕێگە نەدرێن نەوتی ئێران لە گەرووی هورموزەوە بڕوات ئەوا ئێران ئەو گەروویە قەپات دەکات. ئەوەش لە کاتێکدایە گەرووی هورموز دەروازەی سەرەکیی ناردنی ناوتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو بۆ هەموو جیهانە.
Your Comment