بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە بیانووی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە کۆڕێکی زانستی لە هۆڵی مەولەویی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو و لەو کۆنفڕانسەکەدا کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ و خاوەنبیر و توێژەری کورد وتاریان پێشکەش کرد.
دوکتور خالید تەوەکوللی کۆمەڵناسی کورد لە وتارێکدا باسی پێوەندیی زمان و کەلتووری کرد و ڕایگەیاند: ئەگەر یۆنسکۆ ڕۆژی 21ی شوباتی وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری کردووە مانای ئەوەیە کە پێناسەی نیشتمانی پێناسەیێکی فرەڕەنگییە و تاکە یەک شۆناس نییە.
تەوەکوللی ئاماژەی بە تێزی شارەدێی جیهانی کرد و گوتیشی لە عەقڵییەتی مرۆڤی ئەمڕۆدا شارەدێی جیهانی مانای ئەوە نییە کە هەموو فەرهەنگەکان تێکەڵ بن و بۆن و بەرامەی تایبەتی خۆیان بگۆڕن بەڵکوو مەبەست ئەوەیە هەر فەرهەنگێک لە حەنای خۆیەوە بە پێوەر و تایبەتمەندیی فەرهەنگیی خۆیەوە لە تەنیشت فەرهەنگەکانی دیکەدا بژیت.
لای خۆیەوە دوکتور بەختیار سەجادی سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان ئاماژەی بە خوێندنی ئەدەبی کوردی لەو زانکۆیە کرد و گوتیشی بە شانازییەوە ڕایدەگەیێنن کە لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و هەروەها لە توێژینگەی کوردستانناسی ئیرادەی بەرز هەیە بۆ پێشخستنی ئەدەب و زمانی کوردی و لەو ماوەیەی ڕابردووشدا کاری فەرهەنگی و زانستیی زۆر لەو بارەیەوە کراوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان.
سەجادی گوتیشی کۆسپەکان بۆ خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامودەزگای پێوەندیدار هەڵگیراون و ئێستا ڕەوتێکی ئیجابی بۆ سەرنج خستنە سەر زمانی کوردی دەستی پێکردووە.
ڕەزا شەجیعی هەڵسووڕاوی مەدەنی و توێژەری کوردیش لە بەشێکی دیکەی پەنێلە زانستییەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر زەروورەتی خوێندن بە زمانی دایکی و گوتی: خوێندن بە زمانی دایکی مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە و یەکێکە لە زەروورەتە سەرەتاییەکانی مرۆڤ.
شەجیعی لە وتارەکەیدا باسی کارتێکەریی خوێندن بە زمانی دایکیی کرد و ڕایگەیاند: بە پێی داتا زانستییەکان هەر تاکێکی کۆمەڵگا بە زمانی دایکیی خۆی خوێندبێتی لە باری زانستییەوە سەرکەوتووتر بووە و خوێندن بە زمانی دایکی یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی بواری پەرەوەردە و ڕاهێنان.
Your Comment