کوردی سووریا ئومێدێکی به‌ ئه‌ورووپا نه‌ماوه‌

به‌شی جیهان- ئیلهام ئه‌حمه‌د به‌رپرسێکی باڵای کوردی سووریا ده‌ڵێت: له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا سه‌ردانی پایته‌خته‌كانی ئه‌ورووپام كرد و تێبینی ئه‌وه‌م كرد سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به ‌سه‌ر داعشدا به‌ گوێره‌ی پێویست ڕێزی لێناگیرێت و ده‌بێ ئه‌و وڵاتانه‌ درک بکه‌ن که‌ پشتیوانی له‌ کورد درێژه‌ی ببێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کوردی سووریا له‌ ساڵی 2014 و به‌ دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر باکوور و باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا -که‌ کورد له‌و ناوچانه‌ نیشته‌جێیه‌- له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بوویه‌ هاوپه‌یمان و ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ بوویه‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کوردی سووریا به‌ یارمه‌تیی ئه‌مریکا نزیک به‌ یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌ به‌ڵام هه‌واڵی چاوه‌ڕواننه‌کراوی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی 2500 هێزی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ سووریا نیگه‌رانیی کوردی لێکه‌وته‌وه‌ و ئه‌وانی ناچار کرد که‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا دانووستان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باکووری سووریا له‌ژێر کۆنتڕۆڵیاندا بێت و هه‌م له‌ هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی سووریا بۆ ڕێگرتن له‌ هێرشی گریمانه‌کراوی تورکیا که‌ڵک وه‌ربگرن به‌ڵام ده‌وڵه‌تی سووریا پێشوازیی له‌ دانووستان له‌گه‌ڵ کوردی نه‌کردوووه‌.

کوردی سووریا په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانی بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌وان ئه‌مریکا و چه‌ندین وڵاتی ئه‌ورووپی ده‌ست پێکردوووه‌. چه‌ند هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌رۆکی کوردی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات لقی سیاسیی هێزی سووریای دیموکرات به‌ سه‌رکردایه‌تیی کورد سه‌ردانی خۆی بۆ ئه‌مریکا و ئه‌ورووپا به‌ مه‌به‌ستی ڕاکێشانی پشتیوانی له‌ کوردی سووریا ده‌ست پێکرد. ئه‌و هه‌وڵانه‌ و لۆبیی پشتیوانیی کورد له‌ ئه‌مریکا بوویه‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا بڕیار بدات که‌ تێکڕای هێزه‌کانی له‌ سووریا نه‌باته‌ده‌ره‌وه‌ به‌ڵام ده‌بێ ئه‌ورووپا لێهاتووییه‌کانی خۆی له‌ باکووری سووریا پیشان بدات و هێز ڕه‌وانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بکات.

ئیلهام ئه‌حمه‌د پاش سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئه‌مریکا و دیدارێکی 10 خوله‌کی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا، سه‌ردانه‌که‌ی بۆ پێته‌خته‌ ئه‌ورووپییه‌کان به‌ مه‌به‌ستی ڕاکێشانی پشتیوانی له‌ کوردی سووریا ده‌ست پێکرد به‌ڵام له‌ یادداشته‌که‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ی ته‌له‌گرافی به‌ریتانیادا وا دێته‌ پێش چاو که‌ ئه‌ورووپا نایه‌وێت پشتیوانی له‌ کوردی سووریا بکات و ئیلهام ئه‌حمه‌د نه‌یتوانیوه‌ پشتیوانیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ کورد ڕابکێشێت.

ناوبراو له‌ یادداشته‌که‌یدا ده‌نووسێت: له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا سه‌ردانی پایته‌خته‌كانی ئه‌وروپام كرد و تێبینی ئه‌وه‌م كرد سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به ‌سه‌ر داعشدا به‌ گوێره‌ی پێویست ڕێزی لێناگیرێت. هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیی دژی داعش به ‌لای ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپاوه‌ تێچوووه‌كه‌ی كه‌م به‌ڵام ده‌ستکه‌وتێکی زۆری به‌دواوه‌ بوو و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه کوژرانی 8 هه‌زار هێزی کورد، عه‌ره‌ب، تورکمان و مه‌سیحیی سووریای لێکه‌وته‌وه‌ و هێشتاش ئێمه‌ به‌ره‌وڕووی هه‌ڕه‌شه‌ین.

ئیلهام ئه‌حمه‌د گوتیشی:‌ ئێمه‌ ڕووبه‌رووی مه‌ترسییێكی گه‌وره‌تر له‌ داعش ده‌بینه‌وه‌، ئه‌ویش توركیایه‌ و ئه‌ندامه‌ له‌ ناتۆ و ئه‌و چه‌كانه‌ی هه‌یه‌تی زۆربه‌یان هی وڵاتانی ئه‌ورووپا له‌وان ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیایه‌ و به‌ دوای هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریکا، ئه‌ورووپا و ڕووسیا ده‌یه‌وێت هێرش بکاته‌ سه‌ر کوردی سووریا.

ئیلهام ئه‌حمه‌د ئه‌ورووپا و ڕووسیا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات که‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی داگیرکردنی عه‌فرین ناوچه‌ی کوردنشینی‌ باکووری ڕۆژئاوای سووریا له‌ ساڵی 2018 له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ پشتیوانییان له‌و وڵاته‌ کردوووه.

ناوبراو گوتیشی: ده‌بێ ئه‌م جاره‌ ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی گریمانه‌کراوی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی کوردنشینی سووریا له‌ باکووری ئه‌و وڵاته‌ بوه‌ستنه‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ کورده‌ی سووریا هۆشداریشی به‌ وڵاتانی ئه‌ورووپی دا که‌ ئه‌گه‌ر به‌ره‌وڕووی هێرشه‌ گریمانه‌کراوه‌که‌ی تورکیا نه‌بنه‌وه‌ ئه‌وا ئاژاوه‌ و توندوتیژی له‌ باکووری سووریا سه‌رهه‌ڵده‌دات و به‌ستێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش ده‌ڕه‌خسێندرێت و مومکینه‌ جارێکی‌تر ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر ئه‌ورووپا.

ئیلهام ئه‌حمه‌د داوای له‌ به‌ریتانیا كردوووه که‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ پاراستنی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا و‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان دانیشتوووانی باکووری سووریا بخاته‌ لیستی كاری گفتوگۆكانی ژێنێڤی تایبه‌ت به‌ ئاینده‌ی سووریا.

ناوبراو کوردی سووریا به‌ هاوپه‌یمانێکی هێزه‌کی وڵاتانی ڕۆژئاوا وه‌سف ده‌کات چوونکه‌ به‌ها ئه‌خلاقی و سیاسییه‌کانیان هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا.

ئه‌و به‌رپرسه‌ کورده‌ی سووریا له‌ کۆتاییدا نووسیویه‌تی: ئێمه‌ پێویستمان به‌ پشتیوانیی به‌ریتانیا هه‌یه‌ و به‌ریتانیا به‌ یارمه‌تی‌گه‌یاندن به‌ کوردی سووریا یارمه‌تی به‌ خۆی کردوووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52163

Your Comment

You are replying to: .
captcha