کوردپرێس:
شەماڵ عەباس عەلی، ناسراو بە مفەوەز شەماڵ، گەنجێکی شاری سلێمانی و دهرچووی ئامادهیی پیشهسازی بوو، لەگەڵ براکانیدا کارى فیتەریی کردووە، بۆ دەربازبوون لە سەربازیى زۆرەملێى حزبی بەعس، بووە بە پۆلیس، دواتر بەهۆی بڕوانامەکەیەوە کراوە بە مفەوەز و ئیدى لەوکاتەوە مفەوەز شەماڵ دەبێت بە یەکێک لە ترسناکترین کەسایەتییە کوردەکانى ناو ڕیزەکانى بەعس.
شەماڵ عەباس، لەدایکبووی ساڵی١٩٦٣ بوو، بهشێکی ئهو گهنجانهی سلێمانی که ئازاریان بە دەستییەوە چەشتبوو، پێیان دەوت ملازم موحسینی کورد.
شەماڵ هێندە بۆ حزبی بەعس بەوەفابوو، جگە لەوەى ئەو کەسانەى کە بەگرتىداون، هاوڕێ و کەسى نزیکى خۆی بوون، تەنانەت براکەی خۆشی بەگرتن داوە.
لە ٧ی ئازاری ١٩٩١ لە ڕۆژی ڕاپەڕینی سلێمانی، شەماڵ کهوته دەست خەڵکی شارەکە و لە بەردەرکی سەرا هەڵواسرا، تا ڕۆژی دواتر تەرمەکەی لە مەیدانى سەرادا بە هەڵواسراوی مایەوە.
پاش ٢٨ ساڵ لەو ڕێککەوتە، کۆمێنتێکى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، ناوى مفەوەز شەماڵى هێنایەوە بەر باس و شاسوار عەبدولواحید لە وەڵامى هاوڵاتییەکدا لە فەیسبووک، کە وتبووی دەبێت سوپاسی یەکێتی بکەن کە ڕێگهتان پێدەدات لە سلێمانی بن، شاسوار عەبدولواحید وەڵامی ئهو هاوڵاتییهی دایهوهو لە چاوپێکەوتنێکی ئێن ئاڕ تیشدا باسیکرد و وتى، سەرانی یەکێتی خۆیان میوانێکی ڕەزاگرانن بەسەر خەڵکی شاری سلێمانییەوە و، ڕۆژێک دێت سەرکردەکانى یەکێتى و کوڕانى تاڵەبانى لە سلێمانى و لە بەردەرکى سەرا وەک مفەوەز شەماڵ هەڵدەواسرێن و، لە هەولێریش سەرکردەکانى پارتى و کوڕانى بارزانى لەبەردەم قەڵاى هەولێر هەڵدهواسرێن.
هاوکات قوباد تاڵەبانییش لە وەڵامى کۆمێنتەکەى شاسوار عەبدولواحیددا لە تۆمارێکى دەنگیدا دەڵێت، ئەگەر جێگری سەرۆکی وەزیران نەبووایە و ئەو قسەیەی روبەرو بکرایەتەوە، ئەوا ڕەنگە عەشایەرانە بابەتەکەى چارەسەر بکردایە، بەڵام پۆست و وەزیفەیێکى ھەیە رێزی وەزیفەکەی خۆى دەگرێت.
دەشڵێت، لاى سەیرە کەسێک کە خۆی بە نەوەی نوێ دادەنێت و جوڵانەوەکەشی ناوی نەوەی نوێیە، بیر لەچارەسەرە کۆنەکان دەکاتەوە، بیر لەھەڵواسین و سێدارەدان و رەفتارەکانی بەعس دەکاتەوە.
Your Comment