پسپۆڕێکی زمانی کوردی: زمانی كوردی زمانێكی كۆنی ناوچه‌كه‌یه

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- پسپۆڕێکی زمانی كوردی سه‌باره‌ت به‌و زمانه‌ ده‌ڵێت: "زمانی كوردی له‌ به‌ره‌وپێشچووندایه‌ و زمانێكی كۆنی ناوچه‌كه‌یه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له ‌لای نه‌ته‌وه‌ی کورد زمان وه‌ک کۆڵه‌که‌ و شاده‌ماری ناسنامه‌ و بوونی نه‌ته‌وه‌ پێناسه‌ ده‌کرێت و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ خه‌ڵات ئه‌لیاس پسپۆڕی زمانی كوردی گوتی: "زمانی كوردی له‌ به‌ره‌وپێشچووندایه‌ و زمانێكی كۆنی ناوچه‌كه‌یه‌، كوردستانیانیش توانیویانه‌ ئه‌م زمانه‌ له‌ له‌نێوچوون بپارێزن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن به‌ره‌و نه‌مان بچێت".

ئه‌لیاس ئاماژه‌یشی دا: سه‌ره‌ڕای گوشاری وڵاتان بۆ نه‌هێشتنی زمانی كوردی و قه‌ده‌غه‌كردنی به‌ڵام زمانی كوردی یه‌كێكه‌ له‌و زمانانه‌ی تا ئێستا خه‌ڵک تامه‌زرۆیه‌ ئه‌م زمانه‌ بزانن و جێگای دڵخۆشیشه‌ كه‌ كوردستانیان زمانی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، چوونكه‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی دنیا زمانیان نییه‌ و به‌ زمانی وڵاتانی‌تر قسه‌ ده‌كه‌ن.

ناوبراو ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌واوی شێوه‌زاره‌كانی زمانی كوردی سوود له‌ یه‌كتری وه‌ربگرن و پێویسته‌ زمانێكی ستاندار دروست بكرێت.

شایانی باسه‌؛ 21ی شوباتی هه‌موو ساڵێک له‌لایه‌ن ڕێکخراوی کولتووریی نه‌‌ته‌‌وه‌‌ یه‌‌کگرتوووه‌‌کان (یونسکۆ)وه ‌‌به‌ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ده‌ستنیشان کراوه‌، مێژووی ئه‌م ڕۆژه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕۆژی 21ی مانگی شوباتی ساڵی 1952 کاتێک پۆلیسی پاکستان به ‌‌فه‌‌رمانی ده‌‌وڵه‌‌ت ته‌‌قه‌‌ی له ‌‌ژماره‌یێک خوێندکاری زانکۆی به‌ڕه‌گه‌ز به‌نگلادیشی کرد که‌ مانگرتنیان بۆ به‌کارهێنانی زمانی به‌نگالی له‌ ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستاندا ڕاگه‌یاندبوو و له‌‌ ئه‌‌نجامدا چه‌‌ندین خوێندکار گیانیان له‌‌ده‌‌ست دا.

دوای ئه‌و ڕووداوه‌ و له‌ ساڵی 1999 به‌‌ ئامانجی ڕێزگرتن و به‌هابه‌خشین به‌‌ زمانه‌‌کانی سه‌‌رجه‌‌م‌ نه‌‌ته‌‌وه‌‌کانی جیهان، ڕێکخراوی کولتووریی نه‌‌ته‌‌وه‌‌ یه‌‌کگرتوووه‌‌کان (یونسکۆ)‌‌‌‌ ڕۆژی 21ی شوباتی هه‌موو ساڵێکی وه‌ک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک (زگماکی) ده‌‌ستنیشان کرد‌‌. به‌ گشتیی زمانناسان زمان به‌و دیارده‌یه‌ پێناسه‌ ده‌که‌ن که‌ وه‌ک ڕه‌گه‌زێک بۆ په‌یوه‌ندی کردن به‌ کار ده‌هێنرێت و ڕه‌گه‌زێکی سه‌ره‌کی ڕۆشنبیرییه‌ و ئامرازێکه‌ بۆ پاراستنی ڕۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌کان ‌و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرییه‌ له‌ نه‌وه‌یێکه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یێکی دیکه‌.

به‌پێی دوایین زانیارییه‌کان نزیکه‌ی شه‌ش هه‌زار و 700 زمان له‌ جیهاندا هه‌ن، له‌ ساڵی 1950وه‌ نزیکه‌ی 200 زمان له‌ناو چوون، 184 زمان له‌ جیهاندا له‌لایه‌ن که‌متر له‌ 10 که‌سه‌وه‌ به‌کار ده‌هێنرێن و به‌ ڕای پسپۆڕان و شاره‌زایانی زمان له‌م 100 ساڵه‌ی داهاتوودا نیوه‌ی ژماره‌ی زمانه‌کانی جیهان له ‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچووندان.

مه‌به‌ست له‌ دیاری کردن و به‌ فه‌رمی ناساندنی ڕۆژێکی تایبه‌ت به‌ زمان هه‌وڵدانه‌ له‌پێناو پاراستن و زیندووکردنه‌وه‌ی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و ئیتنیکانه‌ی که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌خشته‌بردنی زمانه‌که‌یان، پاکتاوی ڕه‌گه‌زی و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌یان له‌سه‌ره‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52072

Your Comment

You are replying to: .
captcha