کوردپرێس:
موزەفەر تەیمووری بریکاری سەرۆکی ئیدارەی ڕۆشنبیریی کرماشان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە هونەری ڕەسەنی سیاچەمانە کە مۆسیقایێکی کۆنی ناوچەی هەورامانە بینایێک لە شاری نەوسوو وەکوو یانەی سیاچەمانە بۆ ئەو هونەرە ڕەسەنەی کوردەواری تەرخان کراوە.
ناوبراو گوتیشی: یانەی سیاچەمانە پێنجەمین یانەی مۆسیقا و سازە ڕەسەنەکانی پارێزگای کرماشانە. پێشتر یانەی دەف لە پاوە و یانەی تەموورە لە داڵەهۆ و یانەی موور لە هەرسین و یانەی هۆرە لە ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا کراوەتەوەو یانەی سیاچەمانەش وەکوو پێنجەم یانەی فەرهەنگیی پارێزگای کرماشان لە شاری پاوە دەکرێتەوە.
تەیمووری ئەوەشی زیاد کرد کە شاری پاوە مەڵبەندێکی مۆسیقا و هونەری ڕەسەنی کوردییە و ئێستاش شارەوانیی نەوسوو بینایێکی بۆ یانەی سیاوچەمان تەرخان کردووە.
بە وتەی بریکاری ئیدارەی ڕۆشنبیریی پارێزگای کرماشان سیاوچەمانە زیاتر بە ساز و دەهۆڵەوە دەچڕیەت و لە ئازیەتی و ماتەمینەکاندا بەکار دەهێنرێت و ئەو یانەیەش دەتوانێت دەستپێشخەرییێک بێت بۆ فێرکردن و ڕاهێنانی هونەرمەندان و پاراستنی ئەو نەریتە کۆنەی کوردەواری.
Your Comment