به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه 19ی شوباتی 2019 جۆی هود به‌ڕێکاری کاره‌کانی باڵیۆزی ئه‌مریکا له به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که پێشتر دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا ڕای‌گه‌یاندوووه که هه‌نگاو نانێت بۆ جه‌نگێک كه پێویستی پێی نییه و گوتیشی: تره‌مپ هه‌رگیز نایه‌وێت جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵبگیرسێنێت و پێشتریش چه‌ند جارێک جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کردوووه.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ی کرد که سه‌رۆکی ئه‌مریکا پێشتر چه‌ند جارێک وتوویه‌تی که هۆکاره دیپلۆماتییه‌کان به کار ده‌هێنین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران وه‌ک سه‌پاندنی سزا ئابوورییه‌کان و ڕای‌گه‌یاند: ئه‌مریکا ئاسمان و زه‌ویی عێراق بۆ هێرشکردنه سه‌ر هیچ وڵاتێک به کار ناهێنێت.
به‌ڕێکاری کاره‌کانی باڵیۆزی ئه‌مریکا له به‌غدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که دۆناڵد تره‌مپ پێشنیاری گۆڕانکاری و هه‌مواری ڕێککه‌وتنی ستراتێژیی نێوان عێراق و ئه‌مریکای نه‌کردوووه و زیادی کرد: به‌ڵگه‌ی سه‌رلێشێواندنێكی میدیاییی ئه‌نقه‌ست هه‌یه كه باس له بوونی جموجووڵی سه‌ربازیی ئه‌مریكا و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌زاران سه‌رباز له عێراق ده‌كات له حاڵێکدا که سه‌رجه‌م ئه‌و زانیارییانه دوورن له ڕاستییه‌وه و ئه‌و وێنانه‌ی له‌سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا بڵاو كراونه‌ته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2006.
ئه‌وه له حاڵێکدایه که ڕۆژی 3ی شوباتی 2019 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که مه‌به‌ست له مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی وڵاته‌که‌ی له عێراق بۆ چاودێری کردنی ئێرانه و ئه‌م لێدوانه‌ی تره‌مپیش نیگه‌رانی و کاردانه‌وه‌ی لایه‌نه عێراقییه‌کانی لێکه‌وته‌وه و عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر دژایه‌تیی وڵاته‌که‌ی کرده‌وه له‌گه‌ڵ به‌کارهێنانی خاکی عێراق دژ به وڵاتانی دراوسێ.
جۆی هود به‌ڕێکاری کاره‌کانی باڵیۆزی ئه‌مریکا له عێراق ڕاشی‌گه‌یاند که وڵاته‌که‌ی ئاماده‌یه هێزه‌کانی له عێراق بباته‌ده‌ره‌وه ئه‌گه‌ر عێراق داوای لێبکات.
هود وتیشی: مانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له عێراق په‌یوه‌ندی به داوای لایه‌نی عێراقییه‌وه هه‌یه و ژماره‌ی سه‌ربازه ئه‌مریکییه‌کان له عێراق به وردی دیار نییه به‌ڵام به نزیکه‌یی ده‌چێته 5200 سه‌رباز.
ناوبراو ئه‌وه‌شی وت: "ئه‌مریکا هیچ بنکه‌یێکی سه‌ربازیی تایبه‌ت به خۆی نییه به‌ڵکوو له بنکه سه‌ربازییه عێراقییه‌کانداین و مه‌شق به هێزه‌کانی عێراقیش ده‌که‌ین".
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ریی سۆمه‌ریه نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment