دەستگیر کراوانی ڕووداوی شیلادزێ دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دیندار زێباری ڕایگەیاندووە: راگیراوانی ڕووداوی شێلادزێ دانیان بەوە ناوە کە ھانی توندوتیژیان داوە و بە پێی یاسای سزادانی عێراق گیراون و ئازاد کردنی بە کەفالەت نایانگرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە خۆپیشاندانەکانی شیلادزێدا چەند کەسێکی گێرەشێوێن کە ئەجندای سیاسییان لە پشت بوو، ھاوڵاتییانیان ھاندا بۆ کاری تێکدەرانە و لە ئەنجامدا خۆپیشاندانەکە توندوتیژیی لێکەوتەوە و زیانی گیانی و ماددیشی ھەبوو کەسێک گیانی لە دەستدا و ١١ دیکەش برینداربوون ھەروەھا ٢ کارمەندی پۆلیسیش بریندار بوون".

دیندار زێباری ئەوەشی وتووە، "بۆ رێگەگرتن لەو توندوتیژییە لە لایەن پۆلیسی شێلادزێ ١٣ کەس بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون بەپێی ماددەی ١٦٥ لە یاسای سزادانی عێراقی کە ھانی کاری تێکدەرانە و توندوتیژییان دەدا لە ھەمان کاتدا سەر بە چەند لایەنێکی سیاسی دیاریکراون، راگیراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە دانیان بەوە ناوە کە ھاووڵاتیانیان ھانداوە بۆ توندوتیژی دژی دامودەزگاکانی حکوومەت و بنکە سەربازییەکان".

ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێستا ئەو کەسانە لە بنکەی پۆلیسی شێلادزێ راگیراون و گشت مافەکانیان ھەیە وەک بوونی پارێزەر و سەردانی خزم و کەس و رێکخراوەکان، بەڵام ئازاد نەکردنیان بە کەفالەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماددەی ١٦٥ ماددەیێکی یاسایی جیناییە و ھەر کەسێک بەم ماددەیە دەستگیر بکرێت، ناتوانرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێم سەبارەت بە ھەواڵی دەستگیر کردنی چەند چالاکوانێک لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی دھۆکەوە وتوویەتی: "دوو رۆژ دوای روودواوەکانی شێلادزێ پۆلیسی دھۆک بە فەرمانی دادوەر ٥٦ کەسی دەستگیر کرد دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام ٥ کەس لەوانە کە ٣یان لە دەرەوەی شاری دھۆک ھاتبوون بەپێی ماددەی ١٦٥ راگیراون، چوونکە کاریان کردووە بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و داڕشتنی پلانی تێکدەرانە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، بە بیانووی پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکەی شێلادزێ کە لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانێکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بوو".

سەبارەت بەو کەسانەی کە لە شاری دھۆک دەستگیرکراون دیندار زێباری ڕاشیگەیاندووە، "ئەو راگیراوانە دانیان بەوە ناوە ھانی ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و نانەوەی ئاژاوەیان داوە لە شاری دھۆک و بۆ ئەم مەبەستە ھەندێکیان لە شارەکانی دیکەوە چووبوونە دھۆک، ھەروەھا بەشێکیان پێشتر بە چەند ماددەیێکی دیکە حوکمدراون واتە پێشینەیان ھەیە و یەکەم جاریان نییە دەستگیر بکرێن".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە مەبەستی ئیدانە کردنی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و ئەو زەرەر و زیانی گیانی و ماددیانەی بەر ھاوڵاتیانی ناوچە سنووریەکان دەکەوێت، لە ڕۆژی ٢٦/١/٢٠١٩ خۆپیشاندانێک لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی ئەنجامدرا و دواتر ژمارەیێک چالاکی مەدەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکران.

سەرچاوە: کەناڵی ئین ئاڕتی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52003

Your Comment

You are replying to: .
captcha