کوردپرێس:
ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا، کە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکخرابوو، د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند "دەستخۆشی لە زانکۆی کوردستان - هەولێر دەکەین بەبۆنەی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی (ASIC). ئەم دانپێدانانە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیژ و سیاسەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەموو زانکۆکەکان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی دامەزراوەیی و بەشەکان".
د. محەممەد موختار، سەرۆکی زانکۆی کوردستان- هەولێر رایگەیاندووە، زانکۆی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵی زۆری داوە کە لەگەڵ پێشکەوتنە ئەکادیمی و زانستییەکانی جیهاندا بڕوات.
سەرۆکی زانکۆی کوردستان باسی لەو هۆکارانە کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو دانپێدانانە نێودەوڵەتییە بەدەستبهێنن و گوتی "لامەرکەزی، سەربەخۆیی کارکاردنی زانکۆی کوردستان وەکو دامەزراوەیەکی ئەکادیمی حکومیی، وەرگرتنی سەربەخۆییانە و پرۆفیشناڵانەی ستاف و ستراتیژی وەرگرتنی رکابەڕانەی قوتابییان" لە هۆکارە سەرەکییەکانن.
د. محەممەد موختار پشتیوانیی زانکۆی کوردستانی بۆ سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ستانداری خوێندن و بەدەستهێنانی دانپێدانان.
لە مانگی 12ـی ساڵی 2018 ئاژانسی ASICـی بەریتانی کە هەڵسەنگاندنی ستانداردی پەروەردەیی نێودەوڵەتی دەکات، بڕوانامەی دامەزراوەیی نایابی بە زانکۆی کوردستان بەخشی، کە بەوەش زانکۆکە بووە تاکە زانکۆ لەسەر ئاستی عێراق کە بڕوانامەی دانپێدانانی دامەزراوەیی بەدەست هێنابێت.
Your Comment