بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پڕۆژەیێک کە دۆناڵد ترەمپ باسی لێوەکرد دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا بوو. بەڵام موناقیشە لەسەر ئەم پڕۆژەیە زۆرە چوونکە تورکیا دەڵێت دەبێت خۆی بەڕێوەبەر و چاودێری پڕۆژەکە بێت و ڕووسیا جەخت لەسەر ئامادەبوونی حکوومەتی ناوندیی سووریا دەکاتەوە.
لەم نێوانەشدا بەرپرسانی ئەمریکی لەوان لیندسی گراهام پەرلەمانتاری نزیک لە ترەمپ داوای لە وڵاتانی ئەرووپی بەتایبەت بەریتانیا، فەڕانسا و ئاڵمانیا کرد تا بە ناردنی 1500 هێز بۆ باکووری سووریا جێگای چۆڵی ئەمریکییەکان پڕ بکەنەوە و چاودێریی ناوچەی ئارام بکەن کە درێژاییەکەی 4000 کیلۆمەترە و قووڵایەکەشی 32 کیلۆمەتر بەراوەرد دەکرێت.
بەڵام ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەورووپی تا پێش داخوازیی فەرمەیی لیندسی گراهام دژی ئەو پێشنیارەی ئەمریکا بوون و ئامادە نەبوون هێز ڕەوانەی باکووری سووریا بکەن.
بەڵام هەر ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و بیانییەوە باس لە پڕۆژەیێکی دیکە دەکات لە لایەن ئەمریکاوە. بەپێی ئەم پڕۆژە نوێیە بەرپرسانی ئەمریکی بەنیازن هێزە تایبەتەکانی سوپای وڵاتەکەیان لە سووریا بکشێننەوە و لە جێگای ئەوان هێزەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا لەو ناوچانەدا جێگیر بکەن تا هەم ڕاهێنان بە هێزە کوردییەکان بکەن و هەم جێگای هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا پڕ بکەنەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئەم پڕۆژەیە هێشتا لە قۆناخی تاوتوێ کردندایە بەڵام پاش جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەتوانێت ئیدیعا بکات کە هەم هێزی سەربازیی لە سووریا کشاندۆتەوە و هەم بە جێگیر کردنی هێزی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا لەو ناوچانەدا جێگای خاڵیی سوپای وڵاتەکەی لە سووریا پڕ بکاتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment