بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باسم بەدری سەرۆکی دەستەی نەتەوەیی لێپێچینەوە و عەدالەت لە عێراق بە هەوڵدەریی بەغداد ئەلیەومی ڕاگەیاند ئەو دەستەیە هیچ فەرمانێکی لە لایەن عادل عەبدولمەهدییەوە لەبارەی تاوتوێ کردنی دۆسیەی وەزیرە پێشنیار کراوەکانی کابینەکەی ناوبراو وەدەست نەگەیشتووە بەڵام محەمەد حالبوسی بە ناردنی نامەیێک ئەو داخوازییەی ئەنجام داوە.
بەدری ڕایگەیاند پاش تاوتوێ کردنی دۆسیەی وەزیرە پێشنیار کراوەکانی کابینەی عەبدولمەهدی، ئەنجامەکانی دەخاتە بەردەست سەرۆکی پەرلەمان و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جەختیشی کردەوە: دوو کەس لە وەزیرە پێشنیار کراوەکانی عەبدولمەهدی یاسای لێپێچینەوە و عەدالەتی عێراق دەیانگرێتەوە کە بریتین لە فەیسەل فەنەر جربا کاندیدی وەزارەتی بەرگری کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی متمانەی پێنەدا و نەعیم سجیل ڕەبیعی کاندیدی وەزارەتی گواستنەوە کە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی متمانەی پێداوە.
بەدری زیادی کرد وەزیری گواستنەوەی عێراق پشتی بەستووە بە مادەی 12وە کە مۆڵەت بە وەزیرەکان دەدات دەرباز بن لە یاسای لێپێچینەوە و عەدالەت و ئەم هەوڵەی ناوبراو پیشان دەدات بڕیاری دەستەی لێپێچینەوە و عەدالەت لەبارەی بەعسی بوونیەوە دروستە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment