بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەمە 25ی ڕێبەندان بەرانبەر بە 14ی شوباتی 2019 کۆڕی ڕێزگرتن لە شاعیر و نووسەری پایەبەرزی کورد مامۆستا مەحیەدین حەقشناس بە بەشداریی فراوانی شاعیران و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەی کوردی لە هۆڵی ئیمام خومەینیی شاری سنە بەڕێوە چوو.
کۆڕبەندەکە لە سەر ئەرکی ئیدارەی گشتیی کتێبخانەکانی شاری سنە و ئەنجومەنی خێرخوازیی کتێبخانەسازیی کوردستان بەڕێوە چوو و خاڵی جێی سەرنج بەشداریی یەکجار فراوانی هاووڵاتییان و فەرهەنگدۆستانی کوردستان بوو.
مامۆستا مەحیەدین حەقشناس ڕۆژی 22ی بەفرانباری ساڵی 1303ی هەتاوی لە گەڕەکی قەتارچییانی شاری سنە لە دایک بووە. لە سەردەمی منداڵیدا چۆتە مەکتەب و قورئان و گوڵستانی سەعدیی تەواو کردووە و فێری بنەما و یاساکانی شیعر و شاعیری بووە. پاش تەواوکردنی قۆناغی ناوەندیی قوتابخانە بڕوانامەی دیپڵۆمی ئەو دەمی وەرگرتووە و لە ساڵی 1322وەوە یەکێک لە مامۆستاکانی خۆی هانی دەدات کە ڕوو بکاتە هۆنینەوەی شیعر.
مامۆستا حەقشناس پاشتر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دامەزرا و وەکوو مامۆستای قوتابخانە نێردرایە کرماشان و ساڵی 1327 گەڕایەوە شاری سنە و هاوسەرگیریی کرد و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەش دوو کوڕ و دوو کچە.
مامۆستا حەقشناس لەگەڵ ڕادیۆی سنە دەستی کرد بە هاوکاری کردن و لە بەرنامەی شێعر و قسەی شیرینی ڕادیۆ سنە بەشداریی کرد و ڕووی کردە قسەی باوی ناو کۆڵان و بازاڕی شاری سنە و کۆمەڵێک بەرهەمی کۆ کردەوە کە ئێستاش هەندێکیان لەچاپ نەدراون.
بەرهەمی شێعریی "شارەکەم سنە" گرینگترین بەرهەمی مامۆستا حەقشناسە کە بە هیمەتی مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی و لە سەر ئەرکی بڵاڤگەی سرووش بڵاوکراوەتەوە و لەو بەرهەمەدا کۆمەڵێک نەریتی کۆنی کوردەواری لە شاری سنە و زۆر دەستەواژە و یاری و قسەی نەستەق و کەلتووری کۆنی ئەودەم کۆ کراوەتەوە و بە شێوازێکی شیرین بە شێعر هۆنراوەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment