کۆڕی ڕێزگرتن لە شاعیر و نووسەرێکی گەورەی کورد لە سنە بەڕێوە چوو

بەشی فەرهەنگ و هونەر- کۆڕی ڕێزگرتن لە مامۆستای پایەبەرزی کورد، مەحیەدین حەقشناس خاوەنی بەرهەمی بەناوبانگی "شارەکەم سنە" لە هۆڵڵی ئیمام خومەینیی شاری سنە بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەمە 25ی ڕێبەندان بەرانبەر بە 14ی شوباتی 2019 کۆڕی ڕێزگرتن لە شاعیر و نووسەری پایەبەرزی کورد مامۆستا مەحیەدین حەقشناس بە بەشداریی فراوانی شاعیران و هەڵسووڕاوانی مەدەنی و لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەی کوردی لە هۆڵی ئیمام خومەینیی شاری سنە بەڕێوە چوو.

کۆڕبەندەکە لە سەر ئەرکی ئیدارەی گشتیی کتێبخانەکانی شاری سنە و ئەنجومەنی خێرخوازیی کتێبخانەسازیی کوردستان بەڕێوە چوو و خاڵی جێی سەرنج بەشداریی یەکجار فراوانی هاووڵاتییان و فەرهەنگدۆستانی کوردستان بوو.

مامۆستا مەحیەدین حەقشناس ڕۆژی 22ی بەفرانباری ساڵی 1303ی هەتاوی لە گەڕەکی قەتارچییانی شاری سنە لە دایک بووە. لە سەردەمی منداڵیدا چۆتە مەکتەب و قورئان و گوڵستانی سەعدیی تەواو کردووە و فێری بنەما و یاساکانی شیعر و شاعیری بووە. پاش تەواوکردنی قۆناغی ناوەندیی قوتابخانە بڕوانامەی دیپڵۆمی ئەو دەمی وەرگرتووە و لە ساڵی 1322وەوە یەکێک لە مامۆستاکانی خۆی هانی دەدات کە ڕوو بکاتە هۆنینەوەی شیعر.

مامۆستا حەقشناس پاشتر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دامەزرا و وەکوو مامۆستای قوتابخانە نێردرایە کرماشان و ساڵی 1327 گەڕایەوە شاری سنە و هاوسەرگیریی کرد و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییەش دوو کوڕ و دوو کچە.

مامۆستا حەقشناس لەگەڵ ڕادیۆی سنە دەستی کرد بە هاوکاری کردن و لە بەرنامەی شێعر و قسەی شیرینی ڕادیۆ سنە بەشداریی کرد و ڕووی کردە قسەی باوی ناو کۆڵان و بازاڕی شاری سنە و کۆمەڵێک بەرهەمی کۆ کردەوە کە ئێستاش هەندێکیان لەچاپ نەدراون.

بەرهەمی شێعریی "شارەکەم سنە" گرینگترین بەرهەمی مامۆستا حەقشناسە کە بە هیمەتی مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی و لە سەر ئەرکی بڵاڤگەی سرووش بڵاوکراوەتەوە و لەو بەرهەمەدا کۆمەڵێک نەریتی کۆنی کوردەواری لە شاری سنە و زۆر دەستەواژە و یاری و قسەی نەستەق و کەلتووری کۆنی ئەودەم کۆ کراوەتەوە و بە شێوازێکی شیرین بە شێعر هۆنراوەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 51909

Your Comment

You are replying to: .
captcha