بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە کاروانێکی ئۆتۆمبێل کە لە حەوت بارهەڵگر پێکهاتوون دەرنگانی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە دوا مۆڵگەکانی داعش لە رۆژهەڵاتی فورات و دەوروبەری ناوچەی باغۆز خۆیان دەربازکردەوە کە نزیکەی 250 چەکداری داعش لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون و خۆیان رادەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردوە و زۆرینەی چەکدارەکانیش هەڵگری رەگەزنامەی بیانی بوون.
روانگەی سووری بڵاوی کردەوە؛ ئەو هەرەسەی چەکدارانی داعش دوای 157 رۆژ دێت لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی پارێزگای دێرەزوور و دوا مۆڵگەکانی داعش لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات و تا ئێستا زیاتر لە 1306 چەکداری ئەو گرووپە کوژراون، 716 چەکدار بە دیلی کەوتوونەتە دەستی شەڕڤانان.
لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە 39 هەزار و 240 هاوڵاتی مەدەنی لەو ناوچانە رزگار کراون و گواستراونەتەوە بۆ کامپی تایبەتی گومان دەکرێت لەو ژمارەیە 3800 کەسیان چەکداری داعش بن.
لەلایێکی ترەوە، عەدنان عەفرین فەرماندەی مەیدانی شەڕڤانان رایگەیاند: لە ئێستادا شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی سەخت لە ناوچەکانی باغۆز بەردەوامە و چەکدارانی داعش لە کەمتر لە یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەدا گەمارۆ دراون و سەرجەم ئەو کەسانەشی لەو ناوچەیە ماون چەکدارانی داعش و خێزانەکانیانن کە زۆرینەیان بیانیین و هیچ هاوڵاتییێکی مەدەنی لەو سنوورە نەماوە.
سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment