وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت پێشنیار دەکات ناتۆ جێگای ئەمریکا لە سووریا پڕ بکاتەوە

بەشی جیهان- وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت دەڵێت یەک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی بۆ بروکسێل گفتوگۆ کردن لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکایە لەبارەی جێگیر کردنی هێزەکانیان لە باکووری سووریا، ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی کوردەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا مەلەفی لێدوانەکەی پاتریک شاناهان وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت لە سەفەری ڕۆژی سێشەممەدا بۆ بروکسێل بڵاو دەکاتەوە، بەگوێرەی نووسراوەکە وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت بەنیازە لەبارەی هەوڵەکانی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا کە ئەندامی هاوپەیمانیی دژە داعشن گفتوگۆ بکات.

شاناهان دەڵێت لەو سەفەرەدا داوا لە هاوپەیمانانی ئەورووپیی ئەمریکا دەکەم تا هێزی پێویست بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا و پاراستنی ئەو ناوچەیە پاش کشانەوەی ئەمریکا دابین بکەن. کوردانی سووریا دەڵێن مومکینە پاش کشانەوەی ئەمریکا، تورکیا هێرشیان بکاتە سەر.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی زمانحاڵی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بڕیارە پارتیک شاناهان لەماوەی دوو ڕۆژ بەسەر کردنەوەی بنکەکانی ناتۆ لەو بارەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان گفتوگۆ بکات. شاناهان وتوویەتی ئەم بابەتە بەشێک لە دانووستانەکانی ئەو لەگەڵ هاپەیمانانی ئەمریکا پێکدێنێت.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت ڕایدەگەیێنێت کەڵک وەرگرتن لە هێز و دەفرایەتییەکانی هاوپەیمانان بۆ دروست کردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا بێ گومان بژاردەیێکی سەرەکیی ئەوانە.

ناوبراو لەبارەی پڕۆسەی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا سەرڕای ناڕەزایی دەربڕینەکان، مکووڕ بوونی ئەمریکای لەسەر ئەم بڕیارە ڕاگەیاند، بەڵام خشتەی کاتیی کشانەوەکەی نەخستە ڕوو.

واشنتن ئیگزامینر-یش دەنووسێت ئامانجی سەفەری شاناهان بۆ ئەورووپا لەژێر گوشار خستنی هاوپەیمانانی ئەورووپیی ئەمریکایە بۆ دابین کردنی هێز و کەرەستەی پێویست بۆ دروست کردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51888

Your Comment

You are replying to: .
captcha