به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه 12ی شوباتی 2019/ 23ی ڕێبه‌ندانی 1397 عارف ته‌یفوور سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی پارتی له سلێمانی- هه‌ڵه‌بجه به یاوه‌ریی شاندێک سه‌ردانی کونسووڵگه‌ریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی له سلێمانی کرد و له‌گه‌ڵ سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان کونسووڵی ئێران له سلێمانی کۆ بوووه‌وه.
له‌و دیداره‌دا سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی پارتی له سلێمانی- هه‌ڵه‌بجه چله‌مین ساڵڕۆژی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامیی گه‌لانی ئێرانی پیرۆزبایی کرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر هاوبه‌شییه فه‌رهه‌نگییه‌کان و پێوه‌ندیی مێژووییی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه سیاسی، ئابووری و فه‌رهه‌نگییه‌کان.
پاش ئه‌و دیداره عارف ته‌یفوور له پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕای‌گه‌یاند: "ئێستا په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێران له ئاستێکی باشدان و کۆماری ئیسلامی پشتگیری و لایه‌نگری زۆری هه‌رێمی کوردستانه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی جه‌ختی کرده‌وه: ئێمه و ئه‌وان هه‌وڵه‌کانمان چڕ ده‌که‌ینه‌وه چی له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولامانه جێبه‌جێی بكه‌ین.
له به‌رانبه‌ردا سه‌عدوڵڵا مه‌سعوودیان سه‌رکونسووڵی ئێران له سلێمانی گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان پێگه‌یێکی سیاسیی تایبه‌تی له هه‌رێمی کوردستان هه‌یه و ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان و سنووره هاوبه‌شه‌کان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment