نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ شانه‌ى ڕاگه‌یاندنى ئه‌منى دیارى كرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق شانه‌ى ڕاگه‌یاندنى ئه‌منى پێكهێنا و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمیش له‌ شانه‌كه‌دا دانرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق فه‌رمانێكى بۆ پێكهێنانى شانه‌ى ڕاگه‌یاندنى ئه‌منى ده‌ركردوووه ‌و له ‌به‌یاننامه‌یێكدا ڕوون كراوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ "عه‌مید محه‌مه‌د ئیبراهیم به‌یزانى" له ‌وه‌زاره‌تى ناوخۆ سه‌رپه‌رشتیارى تیمه‌كه‌یه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له ‌وه‌زاره‌تى به‌رگرى و سه‌ركردایه‌تیى هێزه‌ وشكانیه‌كان و ده‌زگاى دژى تیرۆر و ده‌زگاى هه‌واڵگرى و ئاسایشى نیشتمانى و ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى و پۆلیسى فیدراڵى ئه‌ندامى شانه‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها ڕوونیش کراوه‌ته‌وه‌ که‌ عه‌قید عوسمان محه‌مه‌د مسته‌فا نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى سه‌ر به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت له‌ شانه‌كه‌ و عه‌مید یه‌حیا ڕه‌سووڵ وته‌بێژى فه‌رمى ده‌بێت.

به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌، كارى شانه‌كه‌ داڕشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ و به‌یاننامه‌كان و دیارى كردنى كاریگه‌رییه‌ ده‌روونییه‌كان ده‌بێت بۆ هه‌ر بابه‌تێک كه‌ ده‌نووسرێت و ده‌رده‌كرێت، هه‌روه‌ها یه‌كێک له ‌مامۆستایانى عه‌ره‌ب زمان له ‌وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستى ڕاده‌سپێردرێت بۆ داڕشتنه‌وه‌ى زمانه‌وانى و پێداچوونه‌وه‌ى پێش ئه‌وه‌ى بڵاو بكرێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51846

Your Comment

You are replying to: .
captcha