سه‌عدی پیره‌ باس له‌ ئیمزاکردنی ڕێککه‌وتنى پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌ت ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژى یه‌کێتى ده‌ڵێت: ڕه‌شنووسی ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی و حزبه‌که‌ى له‌سه‌ر پێکهێنانى حکوومه‌ت و پرۆسه‌ى حکومڕانى چوار ساڵى داهاتووى هه‌رێم له‌ قۆناغی کۆتاییدایه‌ و پێش ١٨ی ئه‌م مانگه‌ ئیمزای له‌سه‌ر ده‌کرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی ڕای‌گه‌یاندوووه‌: ڕێککه‌وتنه‌که‌ بۆ قۆناغی ئێستای ھه‌رێم گرنگه‌ چوونکه‌ پێناسه‌ى شه‌راکه‌تى ڕاسته‌قینه‌ى نێوان پارتى و یه‌کێتى ده‌کات له‌ پرۆسه‌ى حوکمڕانیدا.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد: ڕێککه‌وتنه‌که‌ له‌ به‌رامبه‌ر گۆڕانکارییه‌کان گره‌نتیان پێده‌دات که‌ پارتی و یه‌کێتی یه‌ک جۆر هه‌ڵوێستیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و بۆ ئه‌و گۆڕانکارى و پێشهاتانه‌ى که‌ دێنه‌ پێش.

شایانی باسه‌؛ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى 5ی ئه‌م مانگه‌ى نێوان پارتى و یه‌کێتیدا لیژنه‌یێکى حه‌وت که‌سى بۆ نووسینه‌وه‌ى ڕێککه‌وتنێکى سیاسیی نوێ له ‌نێوان ئه‌م دوو حزبه‌دا پێکهێنرا و به ‌وته‌ى به‌رپرسانى ئه‌و دوو حزبه‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر سێكته‌ره‌كانی دارایی و ئابووری و بازرگانی و نه‌وت و وزه‌ و پێشمه‌رگه‌ و په‌يوه‌ندييه‌ ديپلۆماسی و نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، له‌گه‌ڵ پرسه‌کانى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و په‌يوه‌ندييه‌ ناوخۆيیه‌کان.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51827

Your Comment

You are replying to: .
captcha