به‌رهه‌رم ساڵح و شاندێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان کۆ بوونه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ شاندێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان کۆ بوویه‌وه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی په‌له‌كردن له‌ كۆكردنه‌وه‌ و پاراستنی ئه‌و به‌ڵگانه‌ کرده‌وه‌ كه‌ تاوانه‌كانی داعش ده‌سه‌لمێنن بۆ ئه‌وه‌ی پێشکه‌ش به‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تی و تایبه‌ته‌كان بکرێن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ 11ی شوباتی 2019 د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازی كرد له‌ كه‌ریم خان ڕاوێژكاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوووه‌كان و سه‌رۆكی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش و شاندێكی یاوه‌ری.

له‌ دیداره‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی کرده‌وه‌ له‌ ڕۆڵی كارای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوووه‌كان و گرنگیی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی بۆ به‌ به‌ڵگه‌كردنی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی عێراق ئه‌نجام دراون‌، هه‌روه‌ها به‌ هاناوه‌چوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ جه‌نگی داعشدا بوونه‌ته‌ قوربانی.

سه‌رۆک کۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: هاووڵاتییانی عێراق به‌ ته‌واوی پێكهاته‌كانییه‌وه‌ بوونه‌ته‌ قوربانیی ده‌ستی داعش و توندوتیژی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ش هه‌وڵی هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیی جددی ده‌وێت بۆ زامن كردنی ڕێوشوێنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی گشتگیر و باوه‌ڕپێكراو كه‌ له‌گه‌ڵ پێودانگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بێته‌وه‌ له‌پێناو دیاری كردنی ناسنامه‌ی تیرۆریستانی داعش كه‌ زۆرترین به‌رپرسیارییه‌تی تاوانه‌كانیان له‌ ئه‌ستۆیه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌کان بدرێنه‌ دادگا.

له ‌لای خۆیه‌وه‌ ڕاوێژكاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوووه‌كان ورده‌كاریی ته‌واوی کاره‌کانی خۆیان پێشكه‌شی سه‌رۆک كۆمار كرد له‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یییه‌كان ده‌ینێن بۆ به‌دواداچوون و به‌ به‌ڵگه‌كردنی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ هاووڵاتییانی عێراقی كردوویانه‌.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51823

Your Comment

You are replying to: .
captcha