کوردپرێس: ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە ئەو هێزە فەڕەنسییانەی لەناو خاکی عێراق جێگیر کراون، لە رێگەی سێ یەکەی تۆپخانەوە لە قوڵایی بیابانەکانی عێراق و بەدوریی سێ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی سووریاوە، پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنی کۆتایی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن بۆ سەر دوا مۆڵگەکانی داعش لەناوچەی باغۆزی رۆژهەڵاتی فورات و پارێزگاری دێرەزوور.
فرانس پرێس بڵاوی کردەوە؛ سێ تۆپهاوێژ و 180 گولە تۆپی 155 ملیمی مەودا 40 کیلۆمەتر ئامادەکراون بۆ بۆردومان کردنی مۆڵگەکانی داعش لە ناوچەی باغۆز، ئەمڕۆش دەنگی تەقینەوەی گەورە و بیستراون و تۆزو خۆڵ لە بیابانەکانی ئەنبار بەرزبوەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو تۆپخانەیە بۆ بۆردوومان کردنی مۆڵگەکانی داعش لەناو خاکی سووریا.
کۆڵۆنێل فرانسوا ریجیس، فەرماندەی کەتیبەی تۆپخانەکانی فەڕەنسا رایگەیاندووە: لە دوریی 10 کیلۆمەتر لەبەرەکانی شەڕی باشووری رۆژهەڵاتی دێرەزوور تۆپخانەکەیان جێگیر کراوە و پشتیوانیی هەسەدە دەکەن.
رۆژی شەممە، فلۆرانس بارلی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا بە فڕۆکەیێکی سەربازیی گەیشتە ناوچەی قائیمی عێراق لەسەر سنووری سووریا، کە بنکەیێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێیە و 40 سەرباز و راهێنەری وڵاتەکەی لەو بنکەیە جێگیرکراون.
ڕۆژی شەممە 9/2/2019 شەڕڤانانی هەسەدە بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش قۆناغی کۆتایی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی دوا مۆڵگەکانی داعشیان لە ناوچەی باغۆزی رۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەستپێکرد.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment