عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی: عێراق ژماره‌یێک سزادراو ڕاده‌ستی ئێران ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی دابێ حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ژماره‌یێک سزادراوی خه‌ڵكی ئێران ڕاده‌ستی وڵاته‌كه‌یان بكاته‌وه‌ و به‌رپرسێكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانیش ئاشكرای ده‌کات که‌ ژماره‌یێک سزادراو داواكارییان پێشكه‌ش كردوووه‌ و له‌ داهاتوویێكی نزیكدا ڕاده‌ستی وڵاته‌كه‌یان ده‌كرێنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی ھه‌رێم و كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: "حكوومه‌تی عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی زیندانیان ڕێككه‌وتوون، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ند جارێک زیندانیانی ئێرانی له‌ چاكسازییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕاده‌ستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراونه‌ته‌وه‌ و پڕۆسه‌كه‌ ھه‌موو زیندانییێک ناگرێته‌وه‌ و ھه‌ندێ ڕێوشوێنی یاسایی ھه‌یه‌ له‌ پێش ھه‌موویان پێویسته‌ كه‌سه‌كه‌ سزاكه‌ی به ‌سه‌ردا سه‌پێندرابێ و خۆی داوایێک پێشكه‌ش به‌ حكوومه‌تی ھه‌رێم بكات."

ساڵانی ڕابردوو ھه‌رێمی كوردستان ژماره‌یێک سزادراوی له‌ ڕێگه‌ی حاجی ئومه‌رانه‌وه‌ ڕاده‌ستی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و حوكمه‌ی ماویانه‌ له‌ وڵاتی خۆیان ته‌واوی ده‌كه‌ن و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان و ئێران ده‌ڵێت: "له‌سه‌ر فه‌رمانی نێچیرڤان بارزانی كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت مه‌له‌فی ژماره‌یێک سزادراوی دیكه‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت و دواتر له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتن راده‌ستی وڵاته‌كه‌یان ده‌كرێنه‌وه‌."

ناوبراو له‌باره‌ی مه‌رجی ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ی ھه‌ر سزادراوێكه‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: "مه‌رجی یه‌كه‌م پێویسته‌ سزادراو كه‌یسی سیاسیی نه‌بێت، ھه‌روه‌ھا مافی تاكه‌كه‌سی لای نه‌بێت واته‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌ی مافی گشتییان له‌سه‌ره‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و سزادراوانه‌ی به‌ ھۆی مادده‌ ھۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ده‌ستگیر كراون ڕاده‌ستی وڵاته‌كه‌یان ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ دوای ڕاده‌ستكردنه‌وه‌یان ئه‌و حوكمه‌ی ماویانه‌ له‌ زیندانه‌كانی ئێراندا به‌سه‌ری ده‌به‌ن."

عه‌بدوڵڵا ئاكره‌یی سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی سزادراوانی ئێرانی له‌ ھه‌رێمی كوردستان گوتی: "ژماره‌یان زیاتر له‌ 60 سزادراو ده‌بێت به‌ڵام لیژنه‌یێک ھه‌یه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ مه‌له‌فه‌كانیاندا ده‌كات و مه‌رج نییه‌ ھه‌موویان بگرێته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ یه‌ک دوو حه‌فته‌ی دابێت پڕۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت و ڕاده‌ستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكرێنه‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51775

Your Comment

You are replying to: .
captcha