کوردپرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەمە 7ی شوباتی 2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عادل عەبدولمهەدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێ کردنی چەند تەوەرێکی گرینگ کۆ بوویەوە.
تا ئەم کاتەش زانیاریی پشتڕاستکراو لەبارەی تەوەری دانیشتنەکەی دوو سەرۆکوەزیرانەکە دەرنەکەوتووە بەڵام هەندێک زانیاریی نافەرمی باس لەوە دەکەن کە ئامانجی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، پرسی ناوچە جێناكۆكەكانی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی شەنگال و دەوروبەری لە دەشتی نەینەوا.
شارپرێس ئیدعای کردووە كە نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەدا داوا لە سەرۆكوەزیرانی عێراقیش دەكات، فشار بكاتە سەر ئەو هێزانەی لە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەوە نزیكن، ئەو ناوچانە جێبهێڵن و بەغداش هاوكارییەكانیان بۆ رابگرێت.
شایانی باسە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی ئەگەرچی سەردانێکی فەرمی بوو بەڵام بەرنامەی ئەو سەردانە پێشتر ڕانەگەیێندرابوو.
Your Comment