به‌رهه‌م ساڵح و قوباد تاڵه‌بانی باس له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوووه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم‌ و به‌غدایان تاوتوێ كرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پێگه‌ى فه‌رمیى سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ ڕۆژی سێشه‌ممه 5ی شوباتی 2019‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌ کۆشکی سه‌لام له ‌شاری به‌غدا پێشوازیی له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كرد و له‌ میانی دیداره‌كه‌دا باس له‌ پێشھات و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان کرا.

کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ میانى ئه‌و سه‌ردانه‌ دوو ڕۆژه‌ى جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دێت بۆ به‌غداد که‌ تیایدا له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ سیاسییه‌ باڵاکانى عێراق چه‌ندین دیدار و کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجام دا.

له ‌به‌شێکى‌ترى کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ کراوه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان و خستنه‌گه‌ری هه‌وڵه‌كان له‌پێناوی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و ته‌وه‌رێکى دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ تایبه‌ت بوووه‌ به‌و هه‌نگاوانه‌ى پێویسته‌ بگیرێنه‌به‌ر بۆ خزمه‌ت کردنى هاونیشتیمانیان.

له ‌کۆبوونه‌وه‌ى نێوان سه‌رۆککۆمارى عێراق و جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان باس له‌ یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراق کراوه‌ و ته‌ئکید کراوه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌بێت مادده‌کانى ناو یاساکه‌ وه‌کوو خۆى جێبه‌جێ بکرێت و هه‌رێم و به‌غداد پێکه‌وه‌ هه‌موو هه‌نگاوێک بنێن له‌پێناو دابین کردنى خۆشگوزه‌رانى بۆ هاووڵاتییان و ناکرێت چیتر مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌ران باجى ناکۆکییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غداد بده‌ن به‌ڵکوو ده‌بێت به‌ هه‌موو شێوه‌یێک هه‌وڵه‌کان چڕ بکرێنه‌وه‌ تا ساڵى 2019 ببێته‌ ساڵى بنیاتنانه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ گێڕانه‌وه‌ى خۆشگوزه‌رانى و سه‌قامگیرى ئه‌منى و ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى له‌ سه‌رانسه‌رى وڵاتدا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51676

Your Comment

You are replying to: .
captcha