مانەفێستی سەرەکیی نەوەی نوێ ئاشتی له‌گه‌ڵ به‌غداد و تاران و ئه‌نقه‌ره‌یە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاسوار عەبدولواحید یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە وەکوو قیادەیێکی کوردی سەرۆکایەتیی ڕەوتێکی سیاسیی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە گفتوگۆیێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا ڕێگا و ڕەوتی جووڵانەوەی نەوەی نوێی باس کردووە و بە توندترین شێوە تانەی لە حوکمڕانانی ئێستای هەرێمی کوردستان داوە و بە ئاشکرا زمان‌سووریی نواندووە بەرانبەر بەو مەسەلانەی ئێستا مەوزووعی سەرەکیی ساحەی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش و عێراقیشن.

کوردپرێس:

لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە ژێر کارتێکەریی هاوکێشە هەرێمی و دەولییەکان وای کرد ساحەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و قیادەی کوردی دەست بە کاژخستن بکات و ڕەوت و قەبارەی سیاسیی نوێ سەرهەڵبدەن. ژمارەیێک لە سەرکردە نوێیەکان پێچەوانەی نەریتی دەیەکانی پێشوو ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) یان دیکەی حیزبە گەورە و بچووکەکانی هەرێمی کوردستان نەبوون و پێشینەی خەباتی چەکدارییان نەبوو بەڵکوو ئەو سەرکردانە بوون کە لە سێبەری حکومڕانیی کوردی لە عێراق پێگەیشتن و ڕوانین و مانەفێستی جیاوازیان هەیە بۆ سیاسەت کردن و ئابووری و کۆمەڵگاش.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی تازەدامەزراوی نەوەی نوێ یەکێکە لە بەرجەستترین سەرکردە سیاسییەکانی ئەو بەرە نوێیەی هەرێمی کوردستان. سیاسەتوانێکە کە ڕوانین و ئەجیندای لە ڕوانینی سەرکردە نەریتییەکان جیاوازە و دەکرێت ناوی قیادەی تابۆشکێنی لێ بنێین.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئەو سەرکردە سیاسییە گەنجەی هەرێمی کوردستان کردووە و لێرەدا بە مەبەستی ئەوەی بەردەنگانی ئاژانسی کوردپرێس زانیاریی زیاتر لەبارەی ئەو کەسایەتییەوە وەربگرن کورتە بابەتێک لەبارەی ئەو کەسایەتییەوە دەگوازینەوە.

شاسوار عەبدولواحید کێیە؟

ئەندازیار شاسوار عەبدولواحید دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای نالیایە. کۆمپانیای نالیا یەکێکە لە کۆمپانیا هەرە سەرکەوتوو و بەناوبانگەکانی بیناسازی لە کەرتی ئەهلیی هەرێمی کوردستان. پاش ئەو ئەزموونەش کۆمپانیاکە دەستی دایە کەرتی گەشتیاری و لەو بوارەشدا ئەزموونی زێڕینی تێپەڕاند. کۆمپانیای نالیا ساڵی 2011 هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایی لە سلێمانی دەستی کرد بە کاری میدیایی و کەناڵی تەلەڤزیۆنی NRT (nalia radio and tv) ی دامەزراند. ئەو کەناڵەش لە قۆناغی جۆربەجۆردا کەوتە بەر هەجمەی کەسانی نەناسراو و جمهووری حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان.

شاسوار عەبدولواحید وەکوو کارخولقێنەر و سەرمایەدارێکی گەورەی هەرێمی کوردستان بە ڕەنجی شانی خۆی سەرمایەی بەیەکەوە نا و بە باشی کەڵکی لە دەرفەتەکانی سەرمایەدانان و گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان وەرگرت.

ناوبراو لە کۆتایی نەوەدەکاندا کە لە زانکۆ دەیخوێند وەکوو هەڵسووڕاوێکی ئابووری دەرکەوت. بەڵام دەرکەوتنی لە دونیای بازرگانی لە 2007وە پاش دامەزراندنی کۆمپانیای نالیا بە فەرمی دەستی پێکرد. شاسوار عەبدولواحید لە قۆناغی تەلەبەبوونیدا کە لە زانکۆی سلێمانی دەوامی دەکرد خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری "خوێندنەوەی لیبراڵی" بوو. تا ئەو کاتەی بە فەرمی نەهاتە عالەمی سیاسەتەوە و حیزبی سیاسیی تایبەتی خۆیی دانەمەزراندبوو هەرگیز بە فەرمی و نافەرمی ئەندام یان جمهووری هیچ حیزب و قەبارەیێکی سیاسیی کوردستان یان عێراقیش نەبوو.

هاتنەکەشی بۆ عالەمی سیاسەت جیاواز بوو لە هەموو سیاسەتوانێکی دیکەی هەرێمی کوردستان. دەرکەوتنی شاسوار عەبدولواحید لە ساحەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە دژایەتی کردنی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان بوو. ناوبراو ڕەوتێکی ناڕازیی ڕێکخست کە ناوی لێنابوو "نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا". شاسوار عەبدولواحید پێچەوانەی هەموو قیادەی کوردی دژایەتیی بەڕێوەچوونی ئەو بیدعەتەی کرد و بە دەنگی نەخێر بەشداریی گشتپرسییەکەی کرد.

ئەوەی سەرنجی زۆرینەی چاودێرانی سیاسیی بۆ خۆی ڕاکێشا ڕوانین و بۆچوونەکانی شاسوار عەبدولواحید بوو کە لە بارەی لێکەوتەکانی ئەو ڕیفراندۆمەوە کۆمەڵێک شتی پێشبینی کردبوو.

ئەو سیاسەتوانە گەنجە لە ئەنجامدا ساڵی 2018 لە ڕێگای حیزبەکەی خۆیەوە بەشداریی هەڵبژاردنی هەردوو پەرلەمانی عێراقیش و هەرێمی کوردستانیشی کرد و توانیی لە پەرلەمانی عێراق 4 کورسی و لە پەرلەمانی کوردستانیش 8 کورسی مسۆگەر بکات.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: لێکدانه‌وه‌ و نرخاندنی جه‌نابتان له‌ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هه‌رێمی کوردستان پاش نزیک به‌ 30 ساڵ حکومڕانیی کوردی چیه‌، ئایا ده‌کرا ڕه‌وتی پێشکه‌وتن له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌ چه‌شنێکی دیکه‌ ببوایه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له‌ حوكمڕانیی كوردی دوای ٢٨ ساڵ، بریتییه‌ له‌ بوونی كۆمه‌ڵه‌ تاقم و بنه‌ماڵه‌یێک كه‌ هه‌ر كه‌سه‌ و بۆ خۆیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن، بیر له‌ ژیانی ماڵ و منداڵ و كۆشك و ڤێلا و كۆمپانیا و ده‌ستكه‌وتی مادی ده‌كه‌نه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ داهاتووی كوردستان و ووڵاته‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌یبینین بریتییه‌ له‌ حوكمی هه‌ره‌ مرۆڤه‌ فاشیله‌كانی كوردستان، كه‌ له‌ ژیانیاندا فاشیلترین به‌شه‌ر بوون، هیچ ده‌ستكه‌وت و لێهاتویی و شه‌هاده‌ و توانایێكیان نیه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌ سودفه‌ و به‌ هۆی هاوكێشه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دوای گرتنی كوێت له‌ لایه‌ن رژێمی سه‌دام له‌ ساڵ ١٩٩٠، ئه‌مانه‌ هه‌لێكیان بۆ ره‌خسا و به‌ هۆی قاره‌مانێتیی خه‌ڵك و به‌شێكی پێشمه‌رگه‌وه‌، هاتن و ئێستا حوكم ده‌كه‌ن.

کوردپرێس: کێ به‌رپرسی ئه‌م دۆخه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: دوو بنەماڵه‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌ك. بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانییه‌كان و خێزانی تاڵه‌بانی، دوای ئه‌وانیش كۆمه‌ڵه‌ به‌رپرسێكی تر دێن كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌م تاڵانی و وێرانكارییه‌دا، به‌ڵام به‌ رێژه‌ی بچوكتر.

کوردپرێس: به‌رده‌وام ڕاتانگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای کوردستان ده‌ده‌نه‌ دادگا؛ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بگرینه‌ ده‌ست، ده‌بێت چاكسازی بكه‌ین، ده‌بێت مافی خه‌ڵك بگێڕینه‌وه‌، ده‌بێت گوزه‌رانی خه‌ڵكی باش بكه‌ین ، وه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان وتمان كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت و بزانین كه‌سێك دزه‌ یان گه‌نده‌ڵه‌ ، نایه‌ین له‌ میدیاكانه‌وه‌ بۆڵه‌ بۆڵ بكه‌ین یاخود هاووڵاتی تۆمه‌تبار بكه‌ین (وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا گوێمان له‌ به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتییه‌ جار جار به‌رامبه‌ر به‌ خودی من لێدوان ده‌ده‌ن و تۆمه‌تبارم ده‌كه‌ن)، به‌ڵكوو گه‌ر ئێمه‌ ده‌سه‌ڵات بگرینه‌ ده‌ست و بزانین ئه‌وه‌ی دزه‌، ئه‌وا ده‌یده‌ینه‌ دادگا، نه‌ك له‌ میدیاوه‌ باسی كه‌ین.

کوردپرێس: نه‌وه‌ی نوێ به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ له‌ پارته‌ حاکم و ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی هه‌رێم ده‌گرێت، ئایا ئێوه‌ جیاوازییێک له‌ نێوان ئه‌واندا نابینن و بۆچی ئاماده‌ نین بچنه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن؟

شاسوار عەبدولواحید: ئێمه‌ ره‌خنه‌ له‌ دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌گرین به‌رده‌وام ، وه‌ پێمان وایه‌ ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی نه‌گبه‌تی بۆ ئه‌م میله‌ته‌، به‌ڵام بۆ حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی جاران، ئه‌وا ئێمه‌ گله‌ییمان له‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رباری تێبینییه‌كانمان سێ جار داوامان كردووه‌ كه‌ به‌ره‌یێكی به‌هێز دروست بكه‌ین به‌رامبه‌ر به‌ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وان زیاتر له‌ ئێستادا خه‌ریكی رێكه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌ن له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی بۆ چوونه‌ ناو حكوومه‌ت، نه‌ك خه‌ریكی بیركردنه‌وه‌ بن له‌ دروستكردنی به‌ره‌یێكی سیاسیی به‌هێز بۆ بوون به‌ ئۆپۆزسیۆن.

کوردپرێس: نه‌وه‌ی نوێ سه‌ره‌ڕای بوونی فراکسیۆن له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئاماده‌ نه‌بوو بڕواته‌ حکوومه‌ته‌وه‌، هۆکاری ئه‌م هه‌ڵوێست و بڕیاره‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: پێمان وایه‌ به‌م حه‌جمه‌ی ئێستامان و به‌م عه‌قڵیه‌ته‌ی پارتی و یه‌كێتی، چوونه‌ ناو حكوومه‌ت ئینتیحاری سیاسییه‌ و شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌ كاره‌ چه‌وت و ناشیرینه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و پشتكردنه‌ خه‌ڵك و ده‌نگده‌ره‌كانمانه‌، بۆیه‌ ئه‌و كاره‌ ناكه‌ین و باوه‌ڕمان نیه‌ به‌وه‌ی كه‌ پارتی و یه‌كێتی چاكسازی بكه‌ن و هیوای ئه‌وه‌یان تێدا نیه‌ كه‌ وه‌زعی خه‌ڵك باش بكه‌ن، تاوه‌كوو ئێمه‌ بچینه‌ حكوومه‌ت له‌گه‌ڵیاندا.

کوردپرێس: نه‌وه‌ی نوێ وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یێکی سیاسیی تازه‌ له‌دایکبووی‌ کوردستان بانگه‌شه‌ بۆ شێوزاێکی جیاواز له‌ سیاسه‌ت و داڕشتنه‌وه‌ی ئابووری ده‌کات، مانیفێست و پڕۆژه‌ی ئێوه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ لەسه‌ر چ بنه‌مایێکی فکری ڕاوه‌ستاوه‌ و ئامانجتان چیه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ ئایدۆلۆژیای سابت و سواو و به‌كارهاتوو نیه‌، به‌ڵكوو باوه‌ڕمان به‌ پلان و پرۆژه‌ی كاتییه‌، له‌ ئێستادا مانه‌فێستێكی ١٥ ساڵیمان هه‌یه‌ بۆ داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، بنای كاری ئێمه‌ بریتییه‌ له‌ گرنگیدان به‌ ئابووری، باوه‌رمان وایه‌ كه‌ بونیادنانی ئابووری به‌هێز كلیلی چاره‌سه‌ره، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستمان به‌ ئیستقرار (سه‌قامگیری)ی سیاسی و ئه‌منی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ دۆخێكی ئاشتییانه‌ هه‌یه‌، ئاشتییش به‌ باوه‌ڕبوون به‌ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵ‌كردن دێته‌ دی. ئه‌مه‌ پایه‌یێكی سه‌ره‌كیی مه‌نه‌فێسته‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، ئاشتی له‌گه‌ڵ به‌غداد و تاران و ئه‌نقه‌ره‌.

کوردپرێس: له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ نه‌وه‌ی نوێ چ پڕۆژه‌یه‌کی بۆ کوردستان هه‌یه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: پرۆژه‌كه‌مان درێژه‌ و زیاد له‌ ١٥٠ په‌ره‌یه‌ و له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ماندا هه‌یه‌، ره‌نگه‌ نه‌توانم لێره‌وه‌ باسی بكه‌م و بابه‌تێكی درێژ بێت بۆ ئێره‌.

کوردپرێس: به‌ بڕوای ئێوه‌ ده‌بێ هه‌رێمی کوردستان چۆن پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ره‌وها وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ دابڕێژیت؟دۆسیه‌ی نه‌وت و داهاته‌کانی هه‌میشه‌ یه‌کێک له‌ باسه‌ گه‌رمه‌کانی ساحه‌ی سیاسیی کوردستان بووه‌؛ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی رابردوو و ئێستای که‌رتی نه‌وت چۆن ده‌بینن و وه‌کوو نه‌وه‌ی نوێ چ به‌رنامه‌یێکتان بۆ ئه‌م که‌رته‌ هه‌یه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: دۆسیه‌ی نه‌وت له‌ ئێستادا به‌ كار دێت بۆ دروستكردنی نفووزی سیاسیی دوو بنه‌ماڵه‌ و‌ داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان نیه‌، ئێمه‌ پێمان باشه‌ نه‌وتی كوردستان له‌ ئێستادا ده‌ستكاری نه‌كرێت و هه‌رێمی كوردستان سوودمه‌ند بن له‌ داهات و بو‌دجه‌ی عێراق و‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌شێكی نه‌وتی كوردستان برواته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌وا ده‌بێت پرۆسه‌كه‌ شه‌فاف بێت و هه‌روه‌ها كریاره‌كان و نرخی فرۆشتنیش شه‌فاف بن.

کوردپرێس: ده‌زگای میدیاییی ئێوه‌ ڕووماڵێکی جیاوازی له‌ ڕووداوه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ و به‌رده‌وام که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هێرش و ڕه‌خنه‌ و به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌ هه‌وڵ‌دان بۆ شێواندنی بارودۆخی کوردستان تۆمه‌تبار ده‌کرێن، وه‌ڵامتان بۆ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ چییه‌، جیاوازیتان له‌ گه‌ڵ دیکه‌ی که‌ناڵه‌کان چییه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن میدیاكانی نزیك له‌ ئێمه‌ یان ئه‌و میدیایانه‌ی كه‌ ئێمه‌ پشتیوانیی داراییان ده‌كه‌ین هه‌وڵی تێّكدانی دۆخ و سه‌قامگیریی كوردستان ده‌ده‌ن، ئه‌وا مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵی تێكدانی دۆخ و سه‌قامگیریی دوو بنه‌ماڵه‌ ده‌ده‌ین. چوونكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی دۆخی كوردستان به‌رده‌وام تێك ده‌دات دوو بنه‌ماڵه‌ سیاسییه‌ حاكمه‌كه‌ی كوردستانن، نه‌ك میدیا و خه‌ڵك و ئێمه‌.

میدیاكان به‌رده‌وام رووماڵی رووداوه‌كان ده‌كه‌ن، نه‌ك رووداو دروست بكه‌ن، خه‌ڵك و هاووڵاتی به‌رده‌وام پڕن له‌م حوكمرانییه‌ سیاسییه‌، میدیا ته‌نها رووداوه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌.

کوردپرێس: لێکدانه‌وه‌تان بۆ ڕووداوه‌کانی شیلادزێ و هاوشێوه‌کانی چییه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: پێمان وایه‌ شتێكی بچوك له‌ تووڕه‌ییی خه‌ڵك بوو و‌ له‌ داهاتوودا به‌ شێوازی نوێ و گه‌وره‌تر و فراوانتر دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

کوردپرێس: نیچیرڤان بارزانی له‌ دوایین کۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ وه‌ڵامی پرسیاری هه‌واڵنێری ئێن ئاڕ تی له‌بارەی هۆکاری ده‌ستگیر کردنی تیمه‌کانی که‌ناڵه‌که‌ جه‌ختی کرد که‌ به‌ شێوه‌یێکی توند ڕووبه‌ڕووی هه‌ر که‌ناڵێک ده‌بنه‌وه‌ که‌ ئاسایشی هه‌رێم تێک بدات، ئه‌مه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن ؟

شاسوار عەبدولواحید: ئه‌وانه قسه‌ی سووانن و سوودیان نیه‌ ، كه‌ی (ئێن ئار تی) له‌ كوردستان دابخرێت، ئێن ئارتییێكی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و منه‌تمان به‌ حكوومه‌تی هه‌رێم و ئه‌م حوكمڕانییه‌ سیاسییه‌ نیه‌.

کوردپرێس: بودجه‌ی 2019ی عێراق په‌سه‌ند کرا و به‌شه‌ بودجه‌ی کوردستانیش تێیدا دیاری کرا، پێتان وایه‌ ئه‌م بودجه‌یه‌ به‌شی ئیداره‌ی هه‌رێم بکات و مێکانیزمی خه‌رج کردنی له‌ ڕووی چاودێرییه‌وه‌ چۆن ده‌بینن و پێشنیارتان له‌م باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

شاسوار عەبدولواحید: بودجه‌كه‌ گه‌ر له‌ لایه‌ن هه‌ر دوو حكوومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا شتێكی زۆر باشه‌ و به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات.

دیمانە: حەسەن ساڵحی

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 51580

Your Comment

You are replying to: .
captcha