کوردپرێس:
ئارام ناجی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: لەبودجەی 2019دا تەنیا باسی رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە كراوە لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام باسی هەناردەكردنی غازی سروشتی نەكراوە، ئەوەش دەمێنێتەوە سەر پەیوەندی بەغداو هەرێم، ئەگەر پەیوەندییەكان باش بێت، پێم وایە كێشە دروست نابێت، ئەگەر پەیوەندییەكانیش خراپ بێت، هەناردەكردنی غازی سروشتی لەلایەن هەرێمەوە دەبێتە یەكێك لەو كێشانەی قسەی لەسەر بكرێت.
وتیشی: "لەڕابردوودا تەنیا عەرەبەكان هەندێك كەیسیان لەدژی هەرێم دەجوڵان، بەڵام ئێستا نوێنەرە كوردەكانیش ئەو كێشانە باس دەكەن و دەیكەن بەڕایگشتی، ئەوەش دەبێتە كێشەیێک بۆ هەرێمی كوردستان".
ئارام ناجی كە ئەندامی فراكسیۆنی پارتییە، دەڵێت: "زانیاریمان لەسەر هەناردەكردنی غازی هەرێم نییەو تائێستاش هیچ هەماهەنگییێک لەنێوان ئێمەو وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا نییە، تەنەنات وەكو نوێنەرە كوردەكانی ناو لیژنەی نەوت و وزە هیچ كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نەكردووە، ئەوەش خاڵێكی لاوازەو دەبێت لەوەرزی دووەمی یاساداناندا پەیوەندییێكی باش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دروست بكەین".
Your Comment