نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریان تاوتوێ کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كرد و له‌ دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و گفتوگۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خرانه‌ به‌ر باسه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30-1-2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جین كریستۆڤ جێگری ئه‌مینداری گشتیی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بۆ كاروباری سیاسی و ڕامۆن بلیكۆ باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ عێراق و كلاریس پاستۆری سه‌رۆكی نووسینگه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا شاندی میوان خوشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ده‌ستخۆشییان له‌ گفتوگۆكانی هه‌ولێر- به‌غدا كرد، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ حه‌واندنه‌وه‌ و پاراستنی ژماره‌یێكی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر به‌رز نرخاند و ئاماده‌ییی خۆیان بۆ پاڵپشتی كردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا و پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان نیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ مرۆیی و سه‌ربازییه‌كانی ژماره‌یێک له‌ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی خواست، هه‌روه‌ها خواستی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا دووپات كرده‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ڕێگری كردن له‌م مه‌ترسییه‌ و گفتوگۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

تاوتوێ كردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51508

Your Comment

You are replying to: .
captcha