توركیا و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ سووریا رێككه‌وتن

بەشی تورکیا- ئیبراهیم كاڵن، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا و جۆن بۆڵتون، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی كردن له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باكووری سووریا رێككه‌وتن.

کوردپرێس: به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵده‌ری ئه‌نادۆڵۆی توركی، بۆڵتون و كاڵن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش گه‌یشته‌ لێكتێگه‌یشتن، كه‌ پێویسته‌ له‌كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا، توركیا و ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامدا بن.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یێک له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا به‌ ئه‌نادۆڵۆیان راگه‌یاندووه‌، بۆڵتون و كاڵن له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییێكی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌یان تاوتوێ كردووه‌، كه‌ هه‌ریه‌ک له‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغانی هاوتا توركه‌كه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاشكرایان كردووه‌، بۆڵتون و كاڵن زۆرترین گفتوگۆیان له‌باره‌ی گۆڕانكاریه‌كانی سووریا كردووه‌ و هه‌ردوو لا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون، كه‌ پێویسته‌ له‌كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا، واشنتن و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامدا بن بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ سووریا و جێبه‌جێ كردنی نه‌خشه‌ڕێگای مونبجیش، پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیادا هه‌بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ و چۆنییه‌تی جێبه‌جێ كردنی پلانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌ سووریا بكرێت.

سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه‌، هه‌ردوو لا گفتوگۆیان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كردووه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر هاوكاری نێوانیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌نادۆڵۆ ئاشكراشی كرد، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان بۆڵتون و كاڵن، تاوتوێی دانانی پلانی سه‌ردانێكی فه‌رمی چاوه‌ڕوانكراوی دۆناڵد تره‌مپ بۆ توركیا كراوه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51485

Your Comment

You are replying to: .
captcha